یانەی ئافرۆدێت شوێنی پێگەیاندنی کچە یاریزانانە

یانەی ئافرۆدێت شوێنی پێگەیاندنی کچە یاریزانانە
سۆما عەلی یاریزانی تۆپی دەستی یانەی ئافرۆدێت
یانەی ئافرۆدێت شوێنی پێگەیاندنی کچە یاریزانانە
سۆما عەلی ئەوە یەکێکە لە یاریزانە ھەرە بەتواناکانی یاری تۆپی دەستی لە سەر ئاستی کوردستان و عێراق ناوبراو خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەی ئافرۆدێتی شاری سلێمانی کە تاکە یانەی تایبەت بە کچە وەرزشکارانی شارەکەیە لە یارییە جیاوازەکان سۆما ئەمساڵ توانی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات لەگەڵ یانەی ئافرۆدێت لە بەدەستھێنانی نازناوی کوردستان و عێراق ، ئەو لە پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەبیش توانی ئاستێکی بەرز لەگەڵ ھەڵبژاردەی تۆپی دەستی عێراق پێشکەش بکات، سۆما لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٣ی شاری سلێمانیە و دەرچووی ئامادەییە و ئێستا لە نیازە لە کۆلێژی پەروەردەیی وەرزشیی درێژە بە کاروانی وەرزشیی و خوێندنی خۆی بدات،سۆما جگە لە یانەی ئافرۆدێت بۆ یانەی سیروانی نوێ و ھەڵبژاردەی عێراقیش یاری کردوە ،ئێمەش بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوولە ژیانی وەرزشی چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەوەیش بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*چۆن بوو یانەی ئەفرۆدێت ھەڵبژارد؟
-چونکە یانەی ئافرۆدێت شوێنی پێگەیاندنی کچە یاریزانانە بۆیە ئەم یانەیەم ھەڵبژارد بۆ وەرزش کردن.
*لە ناو ئەم ھەموو یارییە چۆن بوو یاری تۆپی دەستت ھەڵبژارد؟
-وەکو یاریزان من بەشداریم کردووە لە زۆربەی یارییەکانی وەرزشیی ، بەڵام لە کۆتایدا خۆم لە یاری تۆپی دەستی بینیوە کە توانیومە سەرکەوتووبم لەم یارییە.
*ئاستی یاری تۆپی دەست چۆن دەبینی لە کوردستاندا؟
-تۆپی دەستی لە کوردستان دا گرنگی زۆری پێێ نادرێت وەکو یارییەکانی تۆپی باسکە و بالە بۆ نموونە لە سلێمانی یەک تیپی تۆپی دەستی ھەیە و لە ھەولێریش دوو تیپ ئەوەش نابێتە مایەی کە ئاستی زۆر باش بێت.
*ئەی لەسەر ئاستی عێراق چۆنی دەبینی کە تۆ لە ھەردوو خول بەشداری؟
-بە تەئکید لەسەر ئاستی عێراق گرنگی زیاتر لە یاریزانان و یارییەکە دەدرێت دەرفەتی زیاترت بۆ دێتە پێش بۆ چاو کردنەوەی یاریزانان ئەوەش دەبێتە مایەی ئەوەی کە ئاستی یاریزان باشتر بێت.
*بە بۆچوونی تۆ چی بکرێت باشە بۆئەوەی ئاستی ئەم یارییە پێشبکەوێت؟
-بە درووست کردنی تیپی تری لاوان و تازە پێگەیشتوان و قوتابخانەکان و دابین کردنی پێداویستیە وەرزشیەکان بۆ تیپی کچان بێگومان ئەم یارییە قۆناخی باشتر دەبرێت لە داھاتوودا.
*کێشەو گرفتان چیە یاری تۆپی دەست لە چی دایە ؟
-کەمی کردنەوەی پاڵەوانیەتی لەم یارییەدا ئەوە ھۆکارە کە ئەم یارییە گرفتی ھەیە و دابین نەکردنی پێداویستیەکانیش ھەر کێشەیە بۆ یاریزانان.
*بۆچی لە کوردستان ئاستی ئەم یارییە لە بەرەو پاشچووندایە بە تایبەت لە ئاستی کچان؟
-چونکە کچ زیانر حەزی لە یاری تۆپی باسکەیە ئەوانەی حەز بە یاری تۆپی دەستی دەکەن ژمارەیان کەمە بەڵام بە ھاندانی یاریزانانی کچ بۆ ئەم یارییە ڕەنگە بچێتە قۆناخی ترەوە.
*ھیواو ئاواتت وەکو یاریزانێک لەم یارییە؟
- بەدەستھێنانی نازناوی خولی کوردستان کە لە تیپەکەی ئێمە نەچێتە دەر ھەر وەکو ساڵی ٢٠١٦ بەدەستمان ھێنا لەسەر ئاستی عێراق بەھیوای ئەوەشم لە ئاستی کوردستانیش ئێمە پاڵەوان بین.
*باشترین ئەنجامەکانت وەکو یاریزان؟
-بردنەوەی نازناوی کوردستان لەگەڵ یانەی ئافرۆدێت و بەدەستھێنانی پلەی سێ یەمی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ھەڵبژاردەی عێراق ئەوانە باشترین ئەنجامەکانمن.
*بەرنامەت چییە بۆ داھاتووی خۆت؟
-بەھیوای ئەوەم بتوانم لە داھاتوودا خزمەتی زیاتر بە رەوتی وەرزشیی بکەم لە کوردستان و ئاستی ئەم یارییەش زیاتر بەرەوو پێش بچێت.
*پەیامت بۆ بە رپرسانی وەرزشی ؟
-چاوێک بە وەرزشیی کوردستاندا بخشێنەوە و با ئەوە ببیننن کەوا یاریزانانی کوردستان وکچانی ووڵاتەکەمان چ ئاستێکیان ھەیە.
*خانەوادەکەت تا چەند ھاوکارتە لە وەرزش کردنت؟
-دایکم و براکەم ھەموو کاتێک لە پشتم بووینە بۆ وەرزشکردن و ھەرکارێک کە ویستوومە بیکەم لە ژیانمدا بۆیە سوپاسی ئەو پشتگیرییەی خانەوادەکەم دەکەم.
* ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-دەست خۆشی لە ھەر تاکێک دەکەم کە گرنگی بە وەرزش دەدەن لە کوردستان و ھەوڵی پێگەیاندنی یاریزانان دەدەن، سوپاسی مامۆستا کوردۆ دەکەم کە منی گەیاند بەم ئاستەی ئێستام ھەموو کات لە پشتم بووە ،سوپاسی گۆڤاری گوڵانیش دەکەم کە بەردەوام ھانی وەرزشکاران دەدەن بۆھاتنیان بۆ ناو وەرزش و پشتگیری یاریزانان دەکەن بۆ دەرکەوتنیان.


Top