لە شاری ڕانیە درێخیم نەکردووە و خزمەتێکی باشم بەم شارە کردووە تامردنیش قەرزداری ئەم شارەم

لە شاری ڕانیە درێخیم نەکردووە و خزمەتێکی باشم بەم شارە کردووە تامردنیش قەرزداری ئەم شارەم
گوڵان عەبدوللا یاریزانی تۆپی بالەی یانەی وەرزشیی پێشمەرگە
لە شاری ڕانیە درێخیم نەکردووە و خزمەتێکی باشم بەم شارە کردووە تامردنیش قەرزداری ئەم شارەم
شاری ڕانیەی دەروازەی ڕاپەرین یەکێک لەم شارانەی کە خاوەن کۆمەلێک کچە یاریزانی بەتوانایە لە یاری بالە جێگای دەستیان دیارە لەیانەکانی کوردستان کە بەردەوام ئاستی بەرزیان پێشکەش کردووە لە پاڵەوانیەتیەکان یەکێک لەم کچانە یاریزانانەش گوڵان عەبدوللا-ە ناوبراو یەکێکەلە ھەرە یاریزانە بەتواناکان لە سەر ئاستی کوردستان خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی ، ئەو جگە لە یاری بالە پێشووتریش یاری تۆپی پێی کردوە و ئەنجامی گەورەی بەدەستھێناوە و پێشووتریش بۆ ھەریەک لە یانەکانی سلێمانی و ڕانیە و چوار قورنە و سیروانی نوێ یاری کردوە ئێستا یاریزانی تیپی بالەی پێشمەرگەیە و ناوبراو لە دایک بووی ساڵی ١٩٨٩ی قەزای ڕانیە و دەرچووی پەیمانگای وەرزشییە ، ئێمەش بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوو لە ژیانی وەرزشی چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەوەیش بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*ئاستی یاری بالەی چۆن دەبینی لە کوردستاندا؟
-بە شێوەیەکی گشتی لە ئاستی پێویستە بۆ کچان و کوڕان یانەکانیش تیپی بەھێزیان ھەیە لە ھەردوو ئاستدا، ھەشت تیپ لە پاڵەوانیەتی عێراق و کوردستان پێشبرکێ دەکەن، ئەمەش دڵخۆشکەرەوەیە لە چاو ساڵانی پێشوو گوڕانکاریەکی باشی بەخۆیەوە بینینوە.
*ئەی لەسەر ئاستی عێراق چۆنی دەبینی کە تۆ لە ھەردوو خول بەشداری؟
- لەسەر ئاستی عێراق تیپی کوڕان باشتر گرنگی پێ دەدەرێت لە چاو کچان، چونکە عێراق تیپی کچانی باش نییە ھەموو سالێک نازناوەکە بۆ تیپە کوردییەکانی کچانە.
*بە بۆچوونی تۆ چی بکرێت باشە بۆئەوەی ئاستی ئەم یارییە پێشبکەوێت؟
-پێویستە لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان گرنگییەکی باشتر بەم یارییە بدرێت و پێداویستی تەواوی بۆ دابین بکرێ ، جگە لەمەش ھێنانی ڕاھێنەری پرۆفیشناڵ وپرکردنەوەی ئەم بۆشایی کەم و کورتیانەی لەم یارییەدا بوونی ھەیە.
*بۆچی لە شاری ڕانیە وەرزش ناکەی کە شارەکەی خۆتە و رووت لە سلێمانی کردوە؟
- لە شاری ڕانیە درێخیم نەکردووە و خزمەتێکی باشم بەم شارە کردووە تامردنیش قەرزداری ئەم شارەم، چونکە سەرەتای وێستگەی ژیانی وەرزشیم لە ڕانیە بووە ، بەڵام منیش وەکو ھەر وەرزشکارێکی تر ژیانم لە گوڕان دابووە بەھۆی ئەوەی ژیانی ھاوسەریم پێکھێناوە لە سلێمانی بۆیە ئێستا لە شاری سلێمانی ئەژیم و خزمەت بە وەرزشیی کوردستان دەکەم.
*ئامانجت چی بوو لە ھەڵبژاردنی یانەی پێشمەرگە؟
-یەکەم ئامانج بەھۆی ئەوەی وەکو کچێکی وەرزشیی ئاستم بە باشی دەبینرا داواکرام لە یانەکە، ئامانجی دووەمیشم پێشمەرگە یانەیەکی دیارە لەسەر ئاستی کوردستان یاری کردن لە یانەیەکی وا دیار دڵ خۆشم دەکات و ئاست و پێگەوماندووبوونی من لە یانەیەکی وا زیاتر لە چاو دەگیرێت.
*کێشەو گرفتان چیە یاری بالە ؟
-کێشەی ئێمە لە یاری بالەدا تەنیا پشتگوێ خستنی ئەم یارییە ، چونکە لە ئاستی کچان بە تایبەت پشتگوێ خراون و گرنگی زیاتر بە تۆپی پێی کوڕان ئەدرێت ئەمەش بێ ھیوایی درووست دەکات لەلایەن یاریزانانی بالەی کچان.
*بۆچی لە کوردستان ئاستی ئەم یارییە لە بەرەو پاشچووندایە؟
- لەبەر ئەوەی تا ئێستا ڕاھێنەری بەتوانامان نییە ئەگەر ھەشبێ زۆر کەمە، یەکێکی تریش لە ھۆکارەکان ئەم یارییە پێویستە لە منداڵیەوە یاریزان درووست بکرێ ، بەڵام تا ئێستا ھەوڵ نەدراوە ماوەیەکی کورتە فێرگەیەک لە پێشمەرگەی سلێمانی کراوەتەوە بە ھیوام سوودی بۆ یاری بالە ھەبێت بە تایبەت لە شاری سلێمانی.
*ھیواو ئاواتت وەکو یاریزانێک لەم یارییە؟
- بەم ھیوایەم ئەوەی لە توانامدا ھەیە پێشکەشی بکەم لەگەڵ ھاوسەری ئازیزم کە ئەویش چەند سالێکە یاریزان بووە ئێستا وەک ڕاھێ،ەر بەردەوامە بەھیوام خزمەتێکی باشی وەرزشیی کوردستان بکەین.
*دەستەی کارگێری یانەکەتان تاچەندە ھاوکارتانن؟
-بە دڵنیایی ھاوکاری ئەکرێن و درێخیان نەکردووە ، بەڵام بەھۆی ئەم قەیرانە دارایی کە ھەموو یانەکانی گرتۆتەوە ، یانەی ئێمەش بێبەری نەبووە بۆیە کەم و کورتی ھەر ئەبێت.
*بەرنامەت چییە بۆ داھاتووی خۆت؟
-لە ھەوڵدان ناوەستم تا دەگەم بەو ئاستەی خۆم ئەمەوێ ئەویش ھەوڵدان و وماندوو بوونی زیاتری دەوێت.
*پەیامت بۆ بە رپرسانی وەرزشی ؟
- پێیان دەلێم لە ئیش وکاری خیان کەم تەرخەمی نەکەن زیاتر برەو بە وەرزشی کوردستان بدەن و پەیوەندی باش درووست بکەن لەگەڵ ووڵاتانی دەرەوە تا سوودی بۆ وەرزشیی ھەبێت.
*لە ھەڵبژاردەی عێراق داوا نەکراوی؟
-وەکو یاری بالە نەخێر بەڵام لە تۆپی پێی زیاتر لە جارێک داواکراوم ئەمەش دڵخۆشم دەکات کە ئاستێکی باشم ھەیە.
*ھەوڵت نەداوە قوتابخانەیەکی پێگەیاندنی یاریزانان بکەیتەوە لە شاری ڕانیە؟
-بیرۆکەیەکی جوانە بەڵام جارێ خۆم بەردەوامم لە یاری کردن بەڵام لە داھاتوو بڕیار ئەدەم ئەوەی لە توانام دابێت بیکەم بۆ ئەو شارە چونکە خزمەتی زۆری بەمن کردووە.
* ئێمە ھیچمان نەماوە ،ئەگەر شتێکت ماوە؟
-زۆر سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم کە لەسەرەتایی چوونم بۆ ناو بواری وەرزش ھاوکارم بوون تا ئێستا بە تایبەت خانەوادەکەم و ھاوسەری خۆسەویستم ، زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵانیش دەکەم کە ھەموو کات پێشەنگ بووە لە ناساندنی وەرزشکاران لە شارەکانی کوردستان.

Top