ڕاگەیاندنەکان ئەتوانن شۆرشێکی وەرزشیی بەرپابکەن

ڕاگەیاندنەکان ئەتوانن شۆرشێکی وەرزشیی بەرپابکەن
ھەوار گۆڵپارێزی یانەی گازی باکوور
ڕاگەیاندنەکان ئەتوانن شۆرشێکی وەرزشیی بەرپابکەن
شاری کەرکووک لە مێژووی وەرزشیی خۆی خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە
باش لە چاوەڕوانی ئەودایە، کچە یاریزان ھەوار فارس ناوبراو لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٢ی قەزای دووکان ویاریزانی ھەڵبژاردەی نیشتیمانی عێراقە لە ھیچ یانەیەک یاری ناکات ، ھەوار خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەسەر ئاستی تۆپی پێی کوردستان وعێراق پێشووتریش بۆ ھەریەک لە یانەکانی (سۆلاڤی نوێ، کەیوان، گازی باکوور) دەرچووی پەیمانگای ھونەرە جوانەکانە بەشی شانۆ و کاری ڕاگەیاندنیش دەکات لە کەناڵی ئاسمانی کەرکووک ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ، ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*چۆن بوو ھاتیتە نێو ژیانی وەرزشیی؟
-ساڵی ٢٠٠٦دەستپێکی ھاتنە ناوەوەی من بوو بۆ نێو جیھانی وەرزش، لە قۆناغی یەکی ناوەندی بووم لە رێگەی مامۆستا رێزان کە ناوبراو برا و مامۆستای وەرزشیم بوو لە خوێندنگاکەم، منیش وەکو ھەر کچێکی تر ئارەزووم بوو بەردەوام بم لە نێو ئەم جیھانە بەر فراوانە، یەکەم یانە کە من یاریم بۆ کردبێ یانەی سۆلاڤی نوێ بوو، لەم تیپەش بە یاری بالە دەستمپێکرد، ئێستاش خۆشبەختانە گۆڵپارێزی یانەی گازی باکوورم لە شاری کەکووک کە پاڵەوانی تۆپی پێی عێراقین.
*بۆچی لەناوئەم ھەموو یارییە وەرزشیە جۆراوجۆرە یاری تۆپی پێت ھەڵبژارد، یارییەکی قورس نییە بۆ ئێوەی کچ؟
-بە بۆچوونی من یاری تۆپی پێی یارییەکی زۆر سەرکەتووە بەسەر ھەموو یارییەکانی تردا، چونکە یاری تۆپی پێی بووتە یارییەکی جیھانی و سەرچاوەی ماددیە، چەند ووڵاتێک ھەن یاری تۆپی پێی بوویتە سەرچاوەی داھاتیان بۆ نموونە وڵاتی بەرازیل سەرچاوەی سەرەکی داھاتی تەنیا لەسەر تۆپی پێیە ئەمەش وای کردووە لە رێگەی ئەو ھەموو ریکلامە جیھانیەی کە بۆ تۆپی پێی دەکرێت ئەم یارییە ھەڵبژێرم و بۆی بژیم.
* ئاستی یاری تۆپی پێی چۆن دەبینی لە کوردستان ؟
-یاری تۆپی پێی لە کوردستاندا لە ئاستێکی تاڕادەیەک مام ناوەند ئەبینرێ تاکو ئێستا بە شێوەیەکی پێیوست نەتوانراوە بایەخی تەواو بە تۆپی پێی کچان بدرێت، بەڵام ھەبوونی پاڵەوانێتی تۆپی پێی ئەگەر بێت و لە سالێک یەکجار ئەنجام بدرێ ناتوانرێت ئەم یارییە بەرەووپێشچوون بە خۆیەوە ببینێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەی قەیرانی دارایی و ڕەوشی کوردستان ناجێگیرە ، بێبەشنەکراوین لەم پاڵەوانێتیانە چ خولی کوردستان یان خولی عێراق بێت.
* ھەست ناکەی یارییە وەرزشیەکان پشتگوێ خراوە لە کوردستان؟
-من سەبارەت بە یارییەکەی خۆم بە پشتگوێ خراوی نابینم، گۆڕانکاریەکی باشکراوە لە چاو ساڵانی ڕابردووە وە تۆپی پێی کچان بەرەووپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە ، خۆشبەختانە بایەخدانی ڕاگەیاندنەکانیش چ بینراو بێ یان بیسراو یان نووسراو ڕوولە باشیە و پشتگیرییەکی باشە.
*کردنەوەی کەمی پاڵەوانێتی، ئێوە سارد ناکاتەوە لەم یارییە؟
-بێگومان کەمی پاڵەوانیەتیەکان بۆ یاریزانان ناخۆشە، بەڵام بۆ ئەوەی تیپەکە پلانی باشتر و تۆکمە تری ھەبێ بۆ پاڵەوانیەیتەکانی تر یاخود ھێنانی ھەر یاریزانێکی دی بۆ تیپەکە پێویستی بە کات ئەبێ تاوەکو لەگەڵ یەکدی ئاوێتە دەبن، بە بۆچوونی من لە ساڵیکدا دوو پاڵەوانیەتی بکرێتەوە کارێکی باشە بۆ ئەوەی تیپەکانیش نازناوێکی باشیش دەستەبەربکەیت.
* چی بکرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە شارەکانی کوردستان بەرز بکرێتەوە؟
-ڕاگەیاندنەکان ئەتوانن شۆرشێکی وەرزشیی بەرپابکەن، بۆیە ئەرکی ئەوانە وەرزشیی کوردستان سەرەتا بە کوردستان ئاشنا بکەن دواتری تیپی تۆپی پێی کچانی کوردستان بەجیھان بناسێنن ئەوکاتە ئەگەر ئەمە کرا ئەوە بەرزترین ئاست ئەبێ بۆ کچان ئەوانیش ویستی زیاتریان ھەبێ بۆ ھاتنە ناو جیھانی تۆپی پێی.
* گرفتی وەرزشی یاری تۆپی پێی لە چی دەبینی ؟
-ئەگەر بێت و بایەخی تەواو بەم یارییە بدرێت بۆ نموونە ئەگەر لە قۆناخەکانی خوێندنی بنەڕەتی منداڵ ئاشنا بکرێت بەم یارییە بە شێوەیەکی پەروەردەیی ئەوا کە گەورە دەبن و ڕوو لە یانە وەرزشیەکان دەکەن و ڕاھێنەران پێیانەوە ماندوو نابێت وە لە سفرەوە ئێشیان لەسەر ناکات، ئەوکاتە باروگراوندێکی تۆپی پێی لە مێکشیان ھەیە و ئەزانن لە ناو یاریگا چۆن ئەوەستن و چۆن ئەجولێن ، وەکو پێشنیار دەکەم پەیڕەوی پەروەردە بگۆردرێت ، لە بڕی ئەوەی یارییەکی تر بۆ کچان دابنرێ یاری تۆپی پێی بکرێتە نێو یاری کچانەوە ، ئەوکاتە ھیچ گرفتێک نابێتە لەمپەر لە پێش یاری تۆپی پێی.
* ھیچ یانەیەک گرێبەستی پێشکەش نەکردووی؟
-ئێستا ھیچ یانەیەک گرێبەستی پێشکەش نەکردووم، بەڵام ئەگەر رۆژێک ھاتوو داوام لێکرا ئەوە من ڕەتی دەکەمەوە ، چونکە لەسەرەتاکانی دەسپێکردنم لە دونیای وەرزش بەلێنێکم بە خۆم و شاری کەرکووک داوە ، تاکو بەردەوامبوونم لەم یارییە من موڵکی شارەکەمم.
* بەھیوای چیت لە ژیانی وەرزشیت؟
-بەلێ زۆر بە ھیواو و گەشبینم چونکە وەرزشم کردووە بە بەشێکی گرنگ لە ژیانم.
*بەرنامەت چیە بۆ داھاتوو؟
- بەرنامەی داھاتوو ھەمیشەیم خزمەتکردنمە بە وەرزش لە شاری کەرکووک و خزمەتکردن بە یانەکەم.
*قەیرانی دارایی تاچەند کاری کردۆتە سەر ئەم یارییە؟
- لەگەڵ ئەوەی کەوتونیەتە بارودۆخێکی قەیراناوی پێویستە سوپاسی ئیدارەی یانەکەم بکەم کە رێگەی نەداوە بێبەشبین لەم یاریانەی کە ئەنجامی دەدەین ، ئەم قەیرانە وای کردووە چاڵاکیە وەرزشیەکان کەم بێتەوە لەگەڵ ئەوەش چەندەھا یانە ھەیە لەبەر نەبوونی بودجە کارگێڕی یانەکەی ھەڵوەشاندۆتەوە ئەمەش کارەساتێکی جەرگبڕە بۆ وەرزشکاران.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان کە بەردەوام وەرزشکاران بەسەر دەکەنەوە لە شارەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی ، سوپاس بۆ ھەر کەسێک بە بچووکترین شت خزمەتی بە وەرزشی کچان گەیاندووە لە کوردستان.


Top