پێویستە کچان زیاتر خۆیان ماندوو بکەن بێنە نێو وەرزش

پێویستە کچان زیاتر خۆیان ماندوو بکەن بێنە نێو وەرزش
ڕاژان ئەنوەر یاریزانی تۆپی باسکەی یانەی دەربەندیخان
پێویستە کچان زیاتر خۆیان ماندوو بکەن بێنە نێو وەرزش
یانەی دەربەندیخان تاکە یانەی دەڤەری گەرمیانە کەوا گرنگی بەردەوام بە یارییە وەرزشیەکانی سەر ئاستی کچان دەدات بە تایبەت لە یاری تۆپی باسکە کە ساڵانە بەردەوام مەشقی تایبەتیان ھەیە بۆ پێگەیاندنی کچە یاریزانان و ئامادەکردنیان بۆ پاڵەوانێتیەکان بە ھیوای دروستکردنی یاریزانانی بەتوانا بۆ یانەکەیان، یەکێک لە کچە یاریزانە بەتواناکانی یانەکەش راژان ئەنوەرە ئەو لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٣ی قەزای دەربەندیخانە یەکێکە لە یاریزانە بەتواناکانی یانەکە خاوەن ئاستێکی بەرزی یاری کردنە لە یاری تۆپی باسکە ، لە ساڵی ٢٠١٠ لە یانەی دەربەندیخانە ، ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی ڕاژان کرد ئەویش وەڵامی گۆڤاری گوڵانی –دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*لەنێوان ئەم ھەموو یارییە وەرزشیە جۆراوجۆرە بۆچی یاری باسکەت ھەڵبژارد؟
-ھەر لە سەرەتایی ئاشنابوونم بە وەرزشەوە و حەز و خولیایەکی تایبەم ھەبووە بۆ یاری باسکە ، جیاواز لە یارییەکانی تر ، نەبوونی تیپێکی کچان بۆ ئەم جۆرە وەرزشە لە شارەکەم ھۆکاری سەرەکی بوو کە روو لەم یارییەبکەم.
*ئاستی یاری تۆپی باسکەی چۆن دەبینی لە کوردستان؟
-تۆپی باسکە بەتایبەت لەم ساڵانەی دوایدا بەرەووپێشچونێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە بەتایبەتی بۆ ئاستی کچان بۆیە چەندین یانەی بەتوانا لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ھەیە ئەویش بەڵگەیە کە ئەم یارییە پێشکەوتووە.
* چی بکرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی یاری تۆپی باسکە بەرز بێتەوە لە شارەکانی کوردستان؟
- کردنەوەی خولی تایبەت بۆ ڕاھێنەرانی تۆپی باسکە وە ھەر یانەیەک تیپی باسکەی تایبەت بە خۆی ھەبێ ، بەردەوام خولەکان لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق لە کاتی خۆیدا ئەنجام دراوە ئەمانە ھەمووی ھۆکارە بۆ باشبوونی ئەم یارییە.
*نەکردنەوەی پاڵەوانێتی کاریگەری ھەبووە لەسەر ئاستی یاریزانان بە گشتی؟
-بەلێ بێگومان کاریگەری ھەبووە ، چونکە ئەنجامنەدانی پاڵەوانیەتیەکان کاریگەری لە بەردەوامبوونی مەشق و ڕاھێنانەکان دەکات بە شێوەیەکی گشتی بۆیە ئەم قەیرانە جگە لە یاری باسکە زۆربەی وەرزشیەکانی پەکخستووە.
* چی بکرێت بۆ ئەوەی کچان زیاتر روو لە وەرزش بکەن؟
-پێویستە ئەوە روون بێتەوە بۆ ھەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە کە وەرزش بۆ ھەردوو ڕەگەزە بێ جیاوازی ئافرەتانیش ھیچیان کەمتر نییە لە پیاوان ، بۆیە پێویستە کچان زیاتر خۆیان ماندوو بکەن بێنە نێو وەرزش بە ئاستی خۆیان بگەنە لوتکەی جیھان.
*دەستەی کارگێڕی یانەی وەرزشیی دەربەندیخان چۆن ھاوکاریتان دەکەن؟
-لە ئێستادا بەھۆی باری داراییەوە کە بەرۆکی سەرجەم یانەکانی گرتووە بە یانەی دەربەندیخانیشەوە ، ئەمەش وای کردووە کە ھاوکاری مادیمان نەمێنێت، بەڵام پێداویستیەکانمان بۆ ئامادە دەکرێت بە تەواوی کەرەستەکانی ڕاھێنان و دابینکردنی ڕاھێنەری ھۆڵ ئەوەش بۆ ئێمە پێویستە بۆ ئەوەی درێژە پێدەری ئاستی خۆمان بین .
* ھیواو وئاواتت وەکو کچە یاریزانێک؟
- بەھیوای ئەوەم ئاستی خۆم و یانەکەم و یاری باسکە لە لوتکەدا ببینم لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق.
* بەرنامەت چییە بۆ داھاتوو؟
-بەردەوامبوونم لە ئەنجامدانی ڕاھێنانەکان وە خۆ ئامادە کردنمان بۆ خوڵ و پاڵەوانیەتیەکانی داھاتوو بۆ دەستەبەرکردنی ئەنجامی باش.
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ تۆش یەکێک بێت لە یاریزانەکانی؟
-ئەوە ئاواتی ھەموو یاریزانێکی تۆپی باسکەیە بۆیە منیش ئەوە ھیوای من و بە درێس و ئاڵای وڵاتەکەم یاری بکەم.
*بە چ یاریزانێکی یاری باسکەی جیھانی سەرسامیت؟
-زۆر بە ئاستی یاریزان لیبرۆن جیمس سەرسامم ھەمیشە حەز دەکەم بگەمە ئاستی ئەو.
*ھیچ گرێبەستێکت پێشکەش کراوە لەلایەن یانەکان؟
-گرێبەست بۆ یاریزانان دێت، بەڵام من تەنیا یاریزانی یانەی دەربەندیخانم.
*لە کۆمەڵگەی کوردی تاچەند پشتگیری وەرزشی ئافرەتان دەکرێ؟
-پشتگیری دەکرێ بەڵام لە ئاستی پێویست نییە ، ھیوادارم زیاتر پشتیگری لێ بکرێت، بۆ ئەوەی کچانیش شان بە شانی کوڕان پشتگیری ھەبێت.
*چی بە بەرپرسانی وەرزشیی دەلێ لە کوردستان؟
-کاری باشترو چاکتر ئەنجام بدەن لە پێناوی بەرزکردنەوەی ئاستی وەرزش بە تایبەت لەسەر ئاستی ناوەخۆ و دەرەوە بەتایبەت یاری تۆپی باسکە ، چونکە دوای تۆپی پێی زۆرترین ھەواداری ھەیە لە کوردستان.
*ئەگەر شتێکت ماوە؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەم پشتگیرییە بەردەوامی لە وەرزشی ناوەخۆ دەکات لەسەرجەم شارەکانی کوردستان بەھیوای ئەوەم بەردەوامبن لە خزمەت کردن بە وەرزشی ئافرەتان.

Top