ڕۆناڵدۆ لە لێدوانێكیدا: گەر سەرۆکی ڕیاڵ بم گرێبەستەکەم بۆ 10 ساڵی تر نوێ دەکەمەوە
دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە، ڕۆناڵدۆ ڕایگەیاند کە دەیەوێت گرێبەستەکەی لەگەڵ لۆس بلانکۆسدا بۆ ماوەی 10 ساڵی دیکە نوێ بکاتەوەو هیواخوازە ژمارەی گۆڵەکانی لە چامپیۆنز لیگ بگەیەنێتە 100 گۆڵ.
ڕۆناڵدۆ لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بە میدیاکانی ئیسپانیای وت: نازانم، پێویستە لەگەڵ سەرۆک قسە بکەن، میدیاکان لە ئێستاوە هەموو شتێکیان بڕاندووەتەوە، ئێوە لە من شتی زیاتر دەزانن، بەڵام ئەگەر من سەرۆکی ڕیاڵ بم، ئەوا بۆ ماوەی 10 ساڵ گرێبەستەکەی خۆم نوێ دەکەمەوە.
وتیشی: جگە لە ڕیاڵ مەدرید، خۆم لە هیچ شوێنێکی تردا نابینمەوە، ئەمە ئەو شتەیە کە دەمەوێت، ئەمە گەورەترین یانەی جیهانەو پێویستە باشترین یاریزانانی جیهانیشیان هەبێت.
دوای یارییەکەی ئۆساسۆنا، زیدان ڕەتیکردەوە لەگەڵ ڕۆناڵدۆ ڕێککەوتبێت لەسەر کاتی یاریکردن، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە دەیەوێت پشووی پێ بدات بەهۆی ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا حەوت یاریی چاوەڕێیان دەکات.
لە وەڵامی ئەو لێدوانەدا، ڕۆناڵدۆ دەڵێت: من پشووی خۆمم وەرگرتووە، ئێستا دەمەوێت یاریی بکەم، لە ڕووی جەستەییەوە هەست بە باش بوون دەکەم و دەمتوانی بۆ ماوەی 90 خولەک بەبێ کێشە یاریی بکەم.
لەسەر ئامانجەکانی خۆی و یانەکەیشی لەم وەرزەدا، گۆڵکارەکەی شاهانە ڕوونیکردەوە: دەمانەوێت هەموو نازناوەکان بەدەست بێنین، بەڵام لا لیگا ئەو نازناوەیە کە ماوەی چوار ساڵە بەدەستمان نەهێناوە، بۆیە لەهەموو شتێک زیاتر ئەو نازناوەمان دەوێت و دەبینم تیپەکەشمان ئامادەیە بۆ ئەو مەبەستە.
وتیشی: گەیشتن بە 100 گۆڵ لە چامپیۆنز لیگ؟ لەڕاستیدا من نازازنم چەند گۆڵم هەیە، دەزانم نزیکەی 90 یان زیاترە، بەڵام هیواخوازم بگەم بەو ژمارەیە.
لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەم وەرزەش 'بالۆن دۆر' ڕۆناڵدۆ ڕەتیکردەوە کە ئەو خەڵاتەی مسۆگەر کردبێت و پێی وایە هێشتا ڕێگەیەکی زۆری لەبەردەم ماوە بۆ ئەوەی بگات بەو خەڵاتە.
hamataqana
