یانەكانی هەندرێن و نەورۆز تیپەكانیان تۆكمە دەكەن
یانەی هەندرێن نزیكە لە مۆركردنی گرێبەست لەگەڵ یاریزان و راهێنەری پێشووی یانەی كۆیە و پیشەگەری سوری یونس، ناوبراو لەگەڵ یانەكە تەنیا چەند خاڵێكی تایبەت بە گرێبەستەكە ماوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی فەرمی مۆربكرێت و هەروەها یاریزانی پێشووی یانەی برایەتی و هەولێر هێمن فوئاد نزیكە لە مۆركردنی گرێبەست لەگەڵ یانەی هەندرێن.
پێشووتر هەریەكە لە یاریزان خەسرەو محەمەد یاریزانی یانەی گارە و عەبدولمتەلب و كارزان پەیوەندیان بە یانەی هەندرێن كرد و چاوەروانی دەكرێت لە رۆژانی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ چەند یاریزانێكی تریش مۆربكەن.
یانەی نەورۆز بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ یاریزانی پێشووی یانەی زێرەڤانی كامەرانی عەلی مۆركرد بۆ ئەوەی لە ریزی یانەكە یاری بكات، كامەران پێشتر لە ریزی یانەكانی سلێمانی و هەولێر و زێرەڤانی یاریكردووە و لە هێڵی بەرگری و ناوەراست یاری دەكات.
چاوەروان دەكرێت لە رۆژانی داهاتوو یانەی نەورۆز چەند گرێبەستێكی تر ئاشكرا بكات بۆ بەهێزكردنی تیپەكەی.
یانەی برایەتی یەكەم هەنگاوی فەرمی خۆی ئەنجامدا و بەفەرمی گرێبەستی یاریزان ئەركان ناسراو بە (شەهرام) بۆ وەرزێكی تر نوێكردووە و چاوەروان دەكرێت لە رۆژانی داهاتوو گرێبەستی یاریزانەكانی تریش نوێبكرێتەوە.
رێبین رەمزی
