قەیرانی دارایی بۆتە ھەڕەشەیەکی گەورە لەسەر یانەی دھۆک
یانەی دھۆک لە بارودۆخێکی خراپی دارایی دایە بەھۆی ئەم قەیرانە داراییەی کە رووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە دھۆکیش کە تاکو ئێستا فریادەرسێکی نەدۆزیتەوە بۆ ئەوەی چارەسەری بۆ ئەم گرفتە بدۆزیتەوە بۆیە لە ھەوڵی ئەوەیە بتوانێ ھەرچی نەبێت تەنیا بەشداری خولی نایابی کوردستان بکات، لە کاتێکدا یاریزانانی ئەم یانەیە داوای پارەی خۆیان و مۆڵەتی گواستنەوەکانیان لە یانەکە کردووە ئێستاش دھۆک لە دووڕیانی بەشداری کردن و نەکردندایە لە خولی نایابی کوردستان ئەمەش وەرزشکارانی شارەکەی دڵتەنگ کردووە لەم بارەشەوە محەمەد عەلی بەرپرسی ڕاگەیاندنی یانەی وەرزشیی دھۆک بۆگۆڤاری گوڵان گوتی" ئێمە خولی عێراقمان لە کیس چوو بەھۆی ئەوەی کەنەمانتوانی پارە پەیدا بکەین بۆ ئەوەی بەشداری خولەکە بکەین بۆیە بە فەرمی بە فیدارسیۆنی تۆپی پێی عێراقمان گوت توانای بەشداری کردنمان نییە، ئێستاش قەیرانی داراییەکەمان بەردەوامە بۆیە ئەگەری زۆرە کە نەتوانین بەشداری خولی کوردستانیش بکەین بۆیە ئەگەڕی ھەیە داوای لێبوردن لەیەکێتی تۆپی پێی کوردستانیش بکەین، بەڵام ھەتا ئێستا بڕیاری یەک لای کەرەوە نەدراوە لەسەر ئەوەی کە ئایا ئێمە بەشداری دەکەین یان نا چونکە وەرزش بە بێ پارە ناچێت بەرێوە ، بەڵام کارگێڕانی یانەکە ھێشتا ئومێدی ئەوەیان ھەیە بتوانین بەشداری بکەین تەنیا لە خولی کوردستان بە گەنجانی شارەکەمان، بۆیە لەم نزیکانە چارەنووسمان دیاری دەکرێت لە ئەگەری بەشداری کردن لە خولی کوردستان یاخود بەشداری نەکردنمان، لە بارەی مۆڵەتی گواستنەوەی یاریزانانیش عەلی گوتی" ئەوانیش کە بەشداربووینە لە خولی عێراق داوای مافی گواستنەوەیان لە ئێمە دەکەن چونکە گرێبەستی باشیان بۆ ھاتووە لە یانەکانی زاخۆ و ھەولێرو جەوییە و مینا و یانەکانی تری بەغداد لە کاتێکدا ئێمە ناتوانین پارەی ئەوانیش دابین بکەین، چونکە یاریزان ھەیە بڕی ٢٠٠ملیۆن دیناری قەرزارین ، ئێستاش کاری بارزگانی یانەکەمان وەستاوە بەھۆکاری تەکنیکی بۆیە ئێمە دڵمان بەوە خۆش بوو گوتمان کارێک بکەین بۆ ئەوەی بتوانین بەم کارە بازرگانیە پارەی ئەوان دابین بکەین ئەویش ھیشتا نەکەوتۆتە سەر پێ و یاریزانانیش مافی خۆیانە ھەرچەندە ئێمە پارەیەکی زۆر قەرزارین ، سەبارەت بە دیاری کردنی ڕاھێنەریش گوتیشی " تاکو ئێستا بەفەرمی ھیچ کەسێکمان دیاری نەکردووە ھەتاکو چارەنووسی بەشداری کردنمان دیاری نەکەین ھیچ کەسێک بۆ ڕاھێنەر دیاری ناکەین.
کارزان کانەبی
