کە کوردستانیش بوو بە دەوڵەت لە داھاتوودا کێبرکێ وڵاتانی دەرەوە بکەین و کوردستانیش بە ھەموو جیھان بناسێنین
کە کوردستانیش بوو بە دەوڵەت لە داھاتوودا کێبرکێ وڵاتانی دەرەوە بکەین و کوردستانیش بە ھەموو جیھان بناسێنین
ھەر چەندە لە ئێستادا بەھۆی قەیرانی داراییەوە پاڵەوانێتی کەم دەکرێتەوە بۆ کچە وەرزشکاران، بەڵام لە قەزای دەربەندیخان کچە وەرزشکارانی ئەم شارە بە تامەزرۆیەوە دەروانە دوا رۆژی خۆیان بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە لوتکەی وەرزشیی کوردستان، یەکێک لەم کچە وەرزشکارانەی کە خاوەن ئاستێکی بەرزە لە یاری تۆپی بالەی یانەی دەربەندیخان ئەویش کچە یاریزان خەیاڵ حەمەی کاپتنی یانەی دەربەندیخانە ، ناوبراو لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٦ی قەزای دەربەندیخانە و قوتابی دوا قۆناخی ئامادەیە لە قەزاکە، ھەرچەندە خەیاڵ گرێبەستی زۆری پێشکەش کراوە بەھۆی ئاست بەرزی بەڵام ئامادەنەبووە ریزی یانەکەی بۆ ھیچ شتێک جێ بەھێلێ ناوبراو خەونی زۆرە لەگەڵ یانەکەی و چاوی لەوەیە رۆژێک لە رۆژان ھەڵبژاردەی تۆپی بالەی کوردستان دابمەزرێ و خۆشی یەکێک بێت لە یاریزانەکانی ئەم ھەڵبژاردەیە ، ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ، ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*چۆن بوو رووت لە بواری وەرزش کرد؟
-من ھەر لە منداڵییەوە لە ناو وەرزش پەروەردە بوومە و سەرجەم یارییە وەرزشیەکانم ئەنجامداوە بۆیە ئەم خولیایە زۆر لەمن ھەبووە بۆیە خۆم لەم جیھانە بەرفراوانە دۆزییەوە.
*بۆچی لەناوئەم ھەموو یارییە وەرزشیە جۆراوجۆرە یاری بالەت ھەڵبژارد؟
-لەگەڵ ئەوەی ھەموو جۆرە وەرزشێکم کردووە ، بەڵام لە ھەموویان زیاتر خولیای من وەکو کچە وەرزشکارێک بۆ یاری بالە بووە، زیاتریش ئەو بەھرەی کە ھەمە وەکو یاریزان زیاتر لە یاری بالە دەرکەووتووە و سەرکەتووترم لەم یارییە بۆیە بالە بە لای من تایبەتمەندی تایبەتی خۆی ھەبووە.
* ئاستی یاری بالە چۆن دەبینی لە کوردستان ؟
-تا ڕادەیەک ئاستی باشە ، بەڵام لە چاو یارییەکانی تری وەرزشیی وەک پێویست نییە بە گشتی.
* ھەست ناکەی ئەم یارییە پشتگوێ خراوە؟
-لە کوردستان ھەموو جۆرە وەرزشێک پشتگوێ خراوە و مافی خۆی پێ نەدراوە ئەوەش بۆ وەرزشکاران تەندروست نییە ، چونکە وا لە وەرزشکاران دەکات کە لە وەرزشکردن دوورکەونەوە.
*کردنەوەی کەمی پاڵەوانێتی ئێوە سارد ناکاتەوە لەم یارییە؟
-ئێمە ئامانجمان زۆر لەمە گەورەترە ، کەمی کردنەوەی پاڵەوانیەتیەکان دەرفتێکی باشتر دەدات بە یاریزانەکان بۆ ئەوەی بە گڕوتینێکی زیاتر و خۆئامادەکردنێکی زیاتر بێنە ناو یاریگاو ھەوڵ بۆ ئامانجەکەمان بدەین، ئەگەر ھیچ خوڵ و پاڵەوانیەتی نەکردێتەوە بۆ یاریزانان باش نابێت.
* چی بکرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە شارەکانی کوردستان بەرز بکرێتەوە؟
-ھاوکاری یاریزانان بکرێت لە رووی مادی و مەعنەوییەوە جگە لەمەش کردنەوەی پاڵەوانێتی زیاتر و یاریگای تایبەت بەم یارییە و ھاندانی کچان بۆ ھاتنیان بۆ ناو یاری بالە و کردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان لە شارەکانی کوردستان ئەمانە ھەمووی ھۆکارن بۆ خزمەت کردنی ئەم یار ییە.
* گرفتی وەرزشیی یاری بالە لە چی دەبینی ؟
-گرفتی یاری بالە ئەوەیە کە وەکو وەرزشیەکانی تر نەناسێنراوە و مافی تەواوی خۆی پێ نەدراوە لە کاتێکدا تەندروستترین یارییە و زۆرترین چێژی ھەیە.
* ھیچ یانەیەک گرێبەستی پێشکەش نەکردووی؟
-بەلێ چەندین یانە گرێبەستی پێشکەش کردووم، بەڵام لە ئێستادا تاکە یانە کە من بەمەوێ یاری لێ بکەم یانەکەی خۆمە ئەویش یانەی دەربەندیخانە چونکە ئێمە ئامانجێکمان ھەیە و پێکەوە جوانترین و سەرکەوتووترین بین.
*گرفتی یاری بالە لە چی دەبینی لە شاری دەربەندیخان ؟
-لە دەربەندیخان تاکە گرفت ئەوەیە کە ئێمە تەنیا تیپین لە شارەکەمان و ھیچ تپێکی تر نییە ئێمە کێبرکێ لەەگەڵ بکەین بۆ زیاتر بەرەووپێشچوونی ئاستمان ئەوەش گرفتە کە تۆ ھەر بە تەنیا بیت.
* بەھیوای چی لە ژیانی وەرزشیت؟
-بەرنامەم ئەوەیە زیاتر گرنگی بە یارییەکەم بدەم و سەرجەم ئەو رێگایانە ببڕم کە دەبێتە ھۆکار بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەم.
*بەرنامەت چیە بۆ داھاتوو؟
-بەھیوام لە ژیانی وەرزشیی خۆم خزمەتێک لە یانەکەم و شارەکەم بکەم، ئەگەر کوردستانیش بوو بە دەوڵەت لە داھاتوودا کێبرکێ وڵاتانی دەرەوە بکەین و کوردستانیش بە ھەموو جیھان بناسێنین.
*قەیرانی دارایی تاچەند کاری کردۆتە سەر ئەم یارییە و یانەکەتان؟
-قەیرانی دارایی وەک ھەر کایەکی تری ژیان، کاری کردۆتە سەر وەرزش بە گشتی و یاری بالە بە تایبەتی، سەڵام سوپاس بۆ ڕاھێنەرەکەمان (بەرێزعەلی) کە نەیھێشتووە ئەو قەیرانە ڕەنگدانەوەی ھەبێت لەسەر مان و بەپێی توانا و سەرجەم پێداویستیەکانی بۆ دابین کردووین.
*لە رووی کۆمەڵگاوە تاچەندە شارەکەی ئێوە ھاوکارە بۆ وەرزش کردن؟
-لە ڕاستیدا شارەکەم (پایتەختی وەرزشیەە) تاڕادەیەکی زۆر باش ھاوکارن و پشتگیری زۆرمان دەکەن، زۆربەی دانیشتوانی شارەکەمان وەرزشوانن و وەرزش بووە بە خۆڕاکی روحی ئێمە.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
- دەست خۆشی بۆ گۆڤاری گوڵان کە بەردەوام و بەبێ جیاوازی خزمەتی سەرجەم وەرزشکارانی شارەکانی کوردستان دەکات، ھیوادارم خێزانەکانی شارەکەمان زیاتر ھانی کچەکانیان بدەن بۆ ئەوەی بێنە نێو دونیای وەرزش ، چونکە ئێمەش ھیچمان کەمتر نییە لە پیاوان شان بە شانی پیاوان بەرەوو ئامانجەکانی خۆمان ھەنگاو دەنێین، سوپاسی دایک و باوک و خێزانەکەم دەکەم کە پاڵپشتی منن ، سوپاسی ڕاھێنەر و تیپەکەم و یانەکەم ئەکە کە ھیچ کات بێ ئومێد نەبوون و ھەمیشە ھەنگاوەکانمان بەرەووسەرکەوتنە ، دەستی ماندووبنی سەرجەم ئەو لایەنانە دەگوشم کە ھاوکاری تیپەکەمانیان کردووە لە رووی مادی و مەعنەویەوە .
