هەندرێن راهێنەرە نوێیەكی بە دەزگا راگەیاندنەكان ناساند

هەندرێن راهێنەرە نوێیەكی بە دەزگا راگەیاندنەكان ناساند
لە بارەگای خۆیدا دەستەی كارگێری یانەی هەندرێن بەفەرمی ستافی راهێنەرانی یانەكەی بە دەزگا راگەیاندنەكان ناساند و تەئكیدی لەوە كردووە ئەم وەرزە ئەنجام و ئاستیان شایستە دەبێت.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا یانەی هەندرێن بەفەرمی تەها قادر وەكو راهێنەر و وریا سەباح وەكو یاریدەدەری راهێنەر بە دەزگا راگەیاندنەكانی ناساند، لەسەرەتای كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكە حاكم جەمال سەرۆكی یانەی هەندرێن گوتی: بە خۆشحالێەوە توانیمان لەگەڵ راهێنەرێكی دیاری شاری هەولێر رێكبكەوین بەمەبەستی وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەكەمان لەم وەرزی خولی نایابی كوردستان بۆ تۆپی پێی ئەوەیش مامۆستا تەها قادرە، كە ئەزموونێكی باشی هەیە لە خولەكانی كوردستان.
لە درێژەی قسەكانیدا حاكم جەمال گوتی: بۆ ئەم وەرزە سەرچاوەیەكی دارای باشمان دۆزیوەتەوە، كە رەنگە لەم چەند رۆژی داهاتوو بەفەرمی رێكبكەوین بۆ ئەوەی بتوانین سوود لە پارچە زەویەكانی حۆمان وەكو وەبەرهێنان وەربگرین، لەگەڵ رێكەوتن لەگەڵ ئەم سەرچاوە دارایی دەتوانین پارەی گرێبەست و مووچەی وەرزی رابردوو و ئەمساڵی خولی نایابی كوردستان بدینە یاریزانەكان و لەم چەند رۆژدا یەكێك لە باشترین یاریزانەكانی كوردستان پەیوەندی بە یانەكەمان دەكات.
دواتر تەها قادر راهێنەرە نوێیەكی یانەی هەندرێن گوتی: خۆشحاڵم، كە ئەركی راهێنەرایەتی یانەی هەندرێنم وەرگرت، رەنگە چەند یانەیەكی گەورە گرێبەستیان پێشكەش كردم و بە پارەیەكی زۆریش، بەڵام هیچ كات بیرم لە لای پارە نەبووە، بەلكو سەرەتا سەیری دەستەی كارگێری یانەكەم كردووە بزانم تا چەند لەگەڵ بۆچوونەكانی من دەگونجێت.
لە درێژەی قسەكانیدا تەها قادر گوتی: پێش دەستپێكردنی خولی كوردستان بە دوو مانگ ئێمە ئامادەكاری دەكەین، ئەمەش ماوەیەكی كەمە، كە رەنگە نەتوانین لەم ماوەیە بەو پلانی كە هەمانە جێبەجێ بكەین، بەڵام هەوڵ دەدین تێپێكی باش ئامادە بكەین بۆ ئەوەی بتوانین ئەنجامێكی باش و شایستە بە دەستبهێنین.
لە كۆتایی قسەكانیدا تەها قادر گوتی: لەم چەند رۆژی داهاتوو ناوی راهێنەری گۆڵپارێزی یانەكەش ئاشكرا دەكەین بۆ ئەوەی ببێتە ستافی یانەكە و هەروەها بیر لەوە دەكەینەوە سوود لە راهێنەرێكی لێهاتووی جەستەیش وەربگرین، بەڵام سەرەتا خۆمان ئەم كارە دەكەین دواتر بریاری كۆتایی لەسەر دەدین بە پێی پێویست.
جێگەی باسە تەها قادر یاریزانی دیاری شاری هەولێر بووە و راهێنەری یانەی ئاڵا بوو لە خولی نایابی كوردستان و پلە یەكی كوردستان و خاوەن بروانامەی دكتۆرایە لە پەروردەی وەرزشی.
رێبین رەمزی
فۆتۆ: هەردی مالیك
Top