مەرجی نوێ بۆ بەشداریكردنی راهێنەران لە خولی مەشق و راهێنانی قوتابخانەكان و فێرگەكانی تۆپی پێی داندرا
یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان رۆژی 5-9-2016 خولێكی پێشخستنی راهێنەرانی فێرگە و قوتابخانەكانی تۆپی پێ بۆ ماوەی چەند رۆژێك رێكدەخات، كە ئامانج تێیدا رێكسختنەوەی كاروباری هونەری و مەشقی فێرگە و قوتابخانەكانی تۆپی پێیە لە كوردستاندا.
خولەكە بە سەرپەرشتی دكتۆر جەمال ساڵح، راهێنەر و ئەكادیمیی ناسراوی تۆپی پێی عێراق رێكدەخرێت، كە ساڵانێكە لە ئیمارات كار لەگەڵ ئەكادیمیا و فێرگەكانی تۆپی پێی ئەو وڵاتە دەكات.
لە بارەی خولەكەوە، یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو راهێنەرانەی بەنیازن بەشداریی خولەكە بكەن، پێویستە فێرگە و قوتابخانەكانیان سەر بە یانەیەكی وەرزشی بێت و لەلایەن ئەو یانانەوە بە شێوەیەكی فەرمی نووسراوی پشتگیرییان پێبدرێت، ئەگەرنا مافی بەشداریكردنیان نابێت.
یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان ماوەیەك لەمەوبەر بڕیاری دا كار لەسەر رێكخستنەوە و پێشخستنی فێرگە و قوتابخانەكانی تۆپی پێ لە كوردستاندا بكات و لە یەكەم هەنگاویشدا خولێكی مەشق و پێشخستنی ئاستی هونەری بۆ راهێنەرانی فێرگە و قوتابخانەكان لە هەولێر رێكدەخات.
رێبین رەمزی
