ھیوادارم بودجەی یانەکان چاک بکرێتەوە
ھیوادارم بودجەی یانەکان چاک بکرێتەوە
قەزای دووکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەھۆی دەریاچەی دووکانەوە ھەمووکات تایبەتمەندی خۆی ھەبووە بۆ کچە یاریزانانی ئەو شارە بەتایبەتی لە یارییە سیانیەکان چەندین یاریزانی بەتوانای لێ دەرچووە کە ئێستا بە ئاست و توانای خۆیان پێشەنگی یاریزانانی ئاسیا و کوردستان و عێراقن، لەنجە سەلام کچە یاریزانی دیاری یارییەکانی سیانیەکان کە ھەریەک لە یارییەکانی (پاسکیل سواری و مەلەوانی و ڕاکردن)لە خۆ دەگرێت پاڵەوانی عەرەبیە خاوەنی چەندین مەدالیای زێرە لە مەلەوانی ١٥٠٠مەتر،ڕاکردن ١٠کم،پاسکیلسواری ٤٠کم لە چەند رۆژی ڕابردووش توانی ببێتە پاڵەوانی عێراق لەم یارییە، لە یاریزانە ھەرە بەتواناکانە کە پاشە رۆژێکی باش لە چاوەڕوانی ئەودایە، کچە یاریزان لەنجە سەڵام ناوبراو لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٤ی قەزای دووکان ویاریزانی ھەڵبژاردەی نیشتیمانی عێراقە لە یانەی دووکان یاری دەکات ، لەنجە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەسەر ئاستی کوردستان وعێراق و ووڵاتانی عەرەبی ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ، ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*چۆن بوو پەیوەندیت بە دونیای وەرزشیەوە کرد؟
-لەسەرەتاوە وەرزشی خولیایەکی مندالیم بوو، دواتر بڕیارم دا کەوا یارییەک ھەڵبژێرم و بتوانم تێدا سەرکەوتووبم، بەھاوکاری دایک و باوکم توانیم بێمە ناو جیھانی وەرزشی.
*بۆچی لەناوئەم ھەموو یارییە وەرزشیە جۆراوجۆرە یاری سیانیت ھەڵبژاردوە؟
-باوکم لە منداڵیەوە فێری مەلەی کردم ، بۆیە حەزێکی زۆرم بۆ مەلەکردن درووست بوو یەکێک لە یاساکانی ئەم یارییە دەبێت مەڵەوانێکی بەتوانا بێت بەھۆی ئەوەی باوکم ڕاھێنەری ھەڵبژاردەی سیانیەکانی عێراق بوو زیاتر ھانی دام کە ئەم یارییە ھەڵبژێرم و توانای خۆمی تێدا بدۆزمەوە.
* ئاستی یاری سیانیەکان چۆن دەبینی لە کوردستان ؟
- سوپاس بۆ خوای گەورە ئاستێکی زۆر باشە لە ئێستاشدا یاریزانی زۆر بەتوانامان ھەیە کە کە دەتوانن کێبرکێ بکەن لەسەر یاریزانانی وڵاتانی عەرەبی و ئاسیاوی بۆیە ئومێدی زۆرم ھەیە بە یاریزانانی کوردستان.
* ھەست ناکەی ئەم یارییە پشتگوێ خراوە؟
- نەخێر من وای نابینم بەھۆی ئەوەی سەرۆکی یارییە سیانیەکان مامۆستا کەمال کە کوردە زیاتر ھاوکارمان بووە بۆ پێش خستنی ئەم یارییە ، ساڵانە ٣ پاڵەوانیەتیمان لە ناوی عێراقدا ئەنجام دەدات جگە لەمەش بەشداری پاڵەوانێتی عەرەبی و ئاسیاویش دەکەین بۆیە بە بۆچوونی من پشتگوێ نەخراوە.
*ترست لەم یارییە نییە کە لە ناو ئاوە بۆ کچ ھەندێک زەحمەتە؟
-بێگومان ھەموو یارییەک مەترسی خۆی ھەیە لەسەر ژیانی یاریزانان بەتایبەت پاسکیلسواری و مەلەوانی جێگای مەترسیە ، بەڵام دڵسۆزیمان بۆ یارییەکە وای لێکردووین گوێ بەم مەترسیانە نەدەین.
* چی بکرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە شارەکانی کوردستان بەرز بێتەوە؟
-ھیوادارم بودجەی یانەکان چاک بکرێتەوە بۆ ئەوەی ھەموو یانەکان بتوانن وەک پێویست گرنگی بەم بوارە و بوارەکانی تری وەرزشی بدەن و زیاتر ھاوکاری یاریزانان بکەن و پێداویستیەکانی بۆ ئەم یارییە کراوە بۆ یان تەرخان بکەن بۆ ئەوەی یاریزانانی زیاتر بێنە نێو ئەم یارییە.
* گرفتی وەرزشی یارییە سیانیەکان لە چی دەبینی ؟
-گرفتێکی ئەوتۆمان نییە کە جێگای باس بێت تەنیا گرفتەکان کەوتۆتە سەر شانی یاریزانان خۆیەوە بۆ دانانی بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ مەشقەکردن چونکە یارییەکی زۆر زەحمەتە.
* ھیچ یانەیەک گرێبەستی پێشکەش نەکردووی؟
-بەلێ زۆر یانە گرێبەستی پێشکەش کردوومە ، ھەر چەندە لە وڵاتی ئیماراتیش یانەیەک داوای گرێبەستی لێ کردووم ، بەڵام بەھۆی دڵسۆزیم بۆ یانەکەم تا ئێستا بیرم لەوە نەکردۆتەوە ریزی یانەکە جێبھێلم.
* بەھیوای چیت لە ژیانی وەرزشی؟
-زۆر بەھیوام کە ژیانێکی وەرزشیی تایبەتی پێ بەخشیم، ئومێدیشم زۆر بەخۆم ھەیە لە داھاتوو ئەنجامی باشتر بەدەست بھێنم.
*بەرنامەت چیە بۆ داھاتوو؟
-بتوانم بەشداری پاڵەوانیەتێکی ئەوروپی بکەم ، لە ئێستاشدا لە خۆئامادەکردنم بۆ پاڵەوانێتی ئاسیاوی لە وڵاتی یابان بە ھیوای ئەوەم بتوانم دوای کۆتایی ھاتنی ژیانی وەرزشیم ببمە ڕاھێنەری ھەڵبژاردەی عێراق خزمەت بە کچانی ووڵاتەکەم بکەم و بیانکەمە پاڵەوان.
*قەیرانی دارایی تاچەند کاری کردۆتە سەر ئەم یارییەکەتان؟
-قەیرانی دارایی کاریگەری زۆری لەسەرمان ھەبووە نەمان توانیوە وەک پێویست مەشقەکانمان ئەنجام بدەین و پێداویستیەکانمان دابین بکەین تەنانەت رێگربووە لەبەردەم نوێ کردنەوەی گرێبەستەکەم لەگەڵ یانەکەم، بەڵام ھەر بە خۆبەخشانە یاری بۆ یانەکەم دەکەم وەک دڵسۆزیەک بۆ یانەی دووکان.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان کە ئەوان ھەمیشە بەبێ جیاوازی لە خزمەتی وەرزشیی کوردستانن ئەوانە بەھرەکانی ولاتەکەیان زیاتر دەناسینن.
