بۆ سوود لە داهاتی وەرزش وەرناگیرێت

بۆ سوود لە داهاتی وەرزش وەرناگیرێت
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دروستبوونی قەیرانی دارایی داوای لە هەموو وەزارەتەكان كرد، كە دەست بە كۆكردنەوەی داهات بكەن بەمەبەستی دابینكردنی پێداویستیەكانی ژیان بۆ هاوڵاتی لە هەموو روویەكەوە، ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە وەزارەتەكانی ناوەخو و شارەوانی و گەشت و گوزار توانیان لەم بوارە سەركەوتوو بن، لە رێگەی ئەم داهاتە چەندین پرۆژەی راگیراو تەواو بكەن و چەندین پرۆژی خزمەتگوزاری تریش بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن، مەبەست لێرە بۆچی بیر لە هێنانی داهات لە بواری وەرزش نەكراوە بەتایبەتی وەزارەتی رۆشتبیری و لاوان.
یانەكان و هەڵبژاردەكانی عێراق لە زۆربەی یارییەكان بە لێشاو روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن لە وەرزی هاویندا بەمەبەستی ئەنجامدانی ئۆردوگای مەشقی، ئەمەش لە رووی داهات خزمەتێكی زۆری هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمەكەمان پێداویستی سەركەوتنی ئەم ئۆردوگا مەشقیانە نییە، مەبەستیش یاریگەی گەورەی تۆپی پێی یاخود هۆڵی داخراو یان كۆمەڵگایەكی وەرزشی، چونكە ئەم یانە و هەڵبژاردانە لە رێگەی پەیوەندی تاكە لەگەڵ یانەكان دێنە كوردستان بەخۆرایی ئۆردوگای مەشقی لە یاریگای یانەكان ئەنجام دەدەن بە بێ ئەوەی هیچ سوودێكی مادیان هەبێت.
ئەوەتا بەرپرسی یانەیەكی عێراقی داوا لە یانەكانی تری عێراق دەكات، كە نەچنە توركیا بۆ ئۆردوگای مەشقی، چونكە ئەوەی لە كوردستان هەیە لە توركیا بە ئەستم دابین دەكرێت.
بۆیە داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم، كە بیر لەوە بكەنەوە لە رووی وەرزش سوود وەربگرن بۆ دابینكردنی داهات ئەوەیش دروستكردنی چەند یاریگایەكی تۆپی پێی و هۆڵی داخراو و هۆڵی داخراو بۆ یاری پایسكلسواری و جمناستیك و یاریگەی گۆرەپان و مەیدان یان كۆمەڵگایەكی وەرزشی دروست بكرێت، كە رەنگە لە ماوەیەكی كورتدا بتواندرێت پارەكە بە قازانجێكی زۆر بگرێتدرێتەوە خزێنەی حكوومەت.
ئەوەتا تەنیا لەم هاوێنە هەریەكە لە یانەكانی (نەفتی ناوەراست، كارەبا، حوسێن، تەڵەبە، نەجدە، هەڵبژاردەی تۆپی باسكەی عێراق، هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، هەڵبژاردەی یەكەمی عێراق، هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق، هەڵبژاردەی كچانی عێراق، هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق، هەڵبژاردەی پایسكلسواری عێراق) ئۆردوگای مەشقیان لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی ئەنجامداوە بۆ ماوەی 10 تا 30 رۆژ زیاتریش، جگە لە یارییە تاكییەكان و پاڵەواێتیەكانی تری عێراقیش.
رێبین رەمزی
Top