فەراس بەحر علوم: داوا لە یانەكانی تری عێراق دەكەم، ئۆردوگای مەشقی لە كوردستان ئەنجام بدەن نەوەك توركیا
لەم ئۆردوگا مەشقیە چوار یاری دۆستانە لەگەڵ یانەكانی برایەتی و هەولێر و پێشمەرگەی هەولێر ئەنجام دەدەن.
سەبارەت بەم ئۆردوگایە فراس بەحر علوم سەرۆك شاند و ئەمینداری دارایی یانەی نەفتی ناوەراست لە لێدوانێكیدا گوتی: لە وەرزی رابردوو ئۆردوگای مەشقیمان لە توركیا ئەنجام دەدا، بەڵام هیچ سوودێكی نەبوو نەماندەتوانی یاری دۆستانە ئەنجام بدەین یاخود هەر یارییەك لەگەڵ یانەیەكی پلە چواری توركیا بە برە پارەیەكی زۆر ئەنجامان دەدا و ئاستی یانەكەش وەكو پێویست نەبوو، بۆیە ئەمساڵ بریارمان دا ئۆردوگای مەشقی لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە شاری هەولێر ئەنجام بدەین، تا ئێستا ئۆردوگا مەشقیەكە زۆر سەركەوتووە و لە هەموو روویەكەوە پێداویستیەكان دابینكراوە، چ لە رووی یاریگا، كە دەستخۆشی لە هەردوو یانەی هەندرێن و هەولێر دەكەم، كە هەموو پێداویستیەكیان بۆ دابینكردووین و هەروەها توانیمان لە ماوەیەكی كورتدا 4 یاری دۆستانە رێكبخەین، ئەمەش یەكەم جارە لە ئۆردوگای مەشقی ئەم ژمارە یارییە ئەنجام بدەین، كە سوودێكی باشی بۆ ئێمە دەبێت و هەروەها چەندین یانەی كوردستان داوای یاری دۆستانەی لە ئێمە كردووە، ئەمەش جێگەی دلخۆشی ئێمەیە.
لە درێژەی قسەكانیدا فرانس بەحر علوم گوتی: داوا لە هەموو یانەكانی باشوور و ناوەراستی عێراق دەكەم، ئۆردوگای مەشقی لە كوردستان ئەنجام بدەن بە تایبەتی لە شاری هەولێر، چونكە هەموو پێداویستی سەركەوتنی تێدا بەدی دەكرێت و لە هەمان كاتدا ئەم پەیوەندیە دۆستانەی، كە لەگەڵ برایانمان لە یانەكانی كوردستان هەیە زیاتر پەرەی پێ دەدرێت.
جێگەی باسە یانەی نەفتی ناوەراست لە وەرزی رابردوو پلەی دووەمی خولی نایابی عێراقی بە دەستهێنا.
رێبین رەمزی
