یانەی سلێمانی ستافی راهێنەرانی دەستنیشانكرد
بەفەرمی دەستەی كارگێری یانەی سلێمانی (ئازاد حاتم)ی وەكو راهێنەری یانەكە دەستنیشان كرد و هەریەكە لە سەفا نوری وەكو یاریدەدری راهێنەر و تاریق ئەحمەد وەكو راهێنەری گۆڵپارێز دەستنیشانكرا.
بۆ ئەم مەبەستە یانەی سلێمانی یەكەم یەكەی مەشقی خۆی لە یاریگەی یانەكە (مەلعەبەكە) ئەنجامدا، بەپێی بەرنامەی دەستەی كارگێری یانەی سلێمانی، هەر لە ئێستاوە تیپی تۆپی پێی یانەكە خۆیان بۆ خولی پلە یەكی عێراق ئامادە دەكەن تاوەكو بتوانن جارێكی تر بگرێنەوە خولی پلە نایابەكانی عێراق، بۆیە داوایان لەو یاریزانانە كردووە، كە لە شاری سلێمانی گرێبەستیان لەگەڵ هیچ یانەیەك نییە پەیوەندی بە مەشقی رۆژانەی یانەكە بكەن تاوەكو بتوانن تیپێكی تۆكمە دروست بكەن.
تا ئێستا یانەی سلێمانی سەبارەت بە بەشداریكردن لە خولی پلە یەكی كوردستان هیچ قسەیەكی نەكردووە.
جێگەی باسە یانەی سلێمانی دوو ساڵ پێش ئێستا بەفەرمی كشانەوەی خۆی لە خولی پلە نایابەكانی عێراق راگەیاند و هەروەها لە وەرزی رابردوو بەشداری لە خولی پلە نایابەكانی كوردستان نەكرد.
رێبین رەمزی
