دەستلەكاركێشانەوەی سەفین كانەبی رەتكرایەوە

دەستلەكاركێشانەوەی سەفین كانەبی رەتكرایەوە
ئەمرۆ شەممە سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بەفەرمی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بە یەكێتیەكە كرد، بەڵام ئەندامانی یەكێتیەكە بە تێكرای دەنگ دەستلەكاركێشانەوەكەیان رەتكردەوە.
سەفین كانەبی لە 21ی تەمموز بەلێنی بە وەرزشكارانی كوردستان دا ئەگەر نەتوانێت بودجە بۆ بەرێوەچوونی یارییەكانی خولی كوردستان دابین بكات، ئەوە بەفەرمی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش دەكات، بۆیە ئەمرۆ دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش كرد.
هادی كەریم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا گوتی: بە تێكرای دەنگی ئەندامانی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان دەستلەكاركێشانەوەكەمان رەتكردەوە و هەوڵ دەدەین بەیەكەوە بتوانین لەم وەرزدا بەشێوەیەكی جوان یارییەكانی خولی نایابی كوردستان بەرێوە ببەین.
لە لایەكی ترەوە سەفین كانەبی سەبارەت بە سپۆنسەركردنی خولەكانی كوردستان گوتی: وا بریارە ئەمساڵیش كۆمپانیای فاست لینك ببێتە سپۆنسەری خولی نایابی كوردستان، بەڵام كۆمپانیەكە بەداخەوە بریاری دا، كە ئەم وەرزە بەهیچ شێوەیەك سپۆنسەری خولەكانی كوردستان نەكەن، چونكە زۆربەی یانەكانی كوردستان و بەشێك لە دەزگا راگەیاندنەكانی كوردستان روویان لە كۆمپانیەكە كرد بۆ وەرگرتنی پاڵپشتی دارایی.
جێگەی باسە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لە ساڵی 2006 دامەزراوە و سەفین كانەبی ماوەی دە ساڵە سەرۆكی ئەم یەكێتیە.
رێبین رەمزی
Top