كورتكراوەی ریوی 2016

كورتكراوەی ریوی 2016
رۆژانە بابەتێكی كورتكراوی ئۆڵۆمپیادی ریو دی جانێرۆی بەرازیلی باس دەكەین لەسەر هەواڵە گەرم و گرنگەكان و زانیاری زیاتر باس دەكەین...
- لە دووەم رۆژی ئۆڵۆمپیاد لە یاری تێنسی سەر زەوی، جۆگۆڤیچ لە تاكی پیاوان و هەردوو خوشكی ئەمەریكی و خاوەنی میدالیای زێری ئۆڵۆمپیادی لەندەن 2012 سیرینا و ڤینۆس ویلیامس لە قۆناغی یەكەم ماڵئاواییان كرد.
- هەموو یاریزانەكانی بەشداربوو لە ئۆڵۆمپیاد چاویان لە پلەكانی یەكەم و دووەم و سێیەمە، كەچی خانمانی ئەمەریكا هەوڵ دەدات، كە درێژەی بە ژمارە پێوانییەكەی بدات، كە ماوەی 24 ساڵە لە هیچ یارییەك تووشی دۆران نەهاتووە واتە لە 42 یاری یەك لە دوای یەك ئۆڵۆمپیاد سەركەوتوو بوو و ماوەی شەش ئۆڵۆمپیادە خاوەنی میدالیای زێرە.
- كۆسۆڤۆ لە یەكەم بەشداریكردنی لە ئۆڵۆمپیاد توانی میدالیای زێر لە یاری جۆدو بە دەستبهێنێت، هەرچەندە ژمارەی دانیشتووانی كۆسۆڤۆ رەنگە هاوتا بێت لەگەڵ ژمارەی دانیشتووانی شاری بەغداد پایتەختی عێراق، كەچی عێراق لە ساڵی 1924 بەشداری ئۆڵۆمپیاد دەكات تا ئێستا تەنیا خاوەنی یەك میدالیای برۆنزە لە یاری بەرزكردنەوەی قورسایی.
- مەلەوانزانی ئەمەریكی مارك فلیپس توانی 19 میدالیای ئاڵتۆنی لە ژیانی بەشداریكردنی ئۆڵۆمپیاد بە دەستبهێنێت بە كۆی (23) میدالیای رەنگاو رەنگ بەمێشوەیە: 19 زێر و 2 زیو و 2برۆنز، كەچی 23 وڵاتی عەرەبی لەم ئۆڵۆمپیادە بەشدارە تا ئێستا یەك میدالیای رەنگاو و رەنگیان بە دەستنەهێناوە.
- (حجامە)، كە كارێكی تەندروستیە و خوێنی پیس لە لەشی مرۆڤ دەدرێت، كەچی وەرزشوانانی ئەمەریكی ئەم كاریان بەشێوەیەكی وەرزشی بەكارهێناوە و سودێكی زۆریان لێكردووە، لەم ئۆڵۆمپیادە زۆربەی مەلەوانزانەكانی ئەمەریكا پێش دەستپێكردنی پێشبركی مەلەوانی (حجامە)یان كردووە ئەم قسەیەش لەسەر ئەفسانەی مەلەوانی جیهانی مارك فلیپس پەیرەو دەكرێت، ئەم كارە زیاتر لە رووی ئاینی باسكراوە، كەچی وڵاتە موسلمانەكان سوودیان لێ وەرنەگرتووە بە پێچەوانەی وڵاتانی تر.
- ڤێتنام بووە خاوەن یەكەم میدالیای زێر لە مێژووی ئۆڵۆمپیاد، كاتێك لە یاری نیشانشكێنی دەمانچە هوانگ زوان ڤین مێژووی بۆ وڵاتەكەی تۆماركرد.
- لەم ئۆڵۆمپیادە دیاردەی پێكانی سەخت بە رێژەیەكی زۆر سەری هەڵداوە، لە دوو رۆژی یەكەمی ئۆڵۆمپیاد 7 یاریزان لە یارییە جۆراوجۆرەكان تووشی پێكانی سەخت هاتوون و هەندێكیان مەترسیدارن، بەتایبەتی لە یاری جومناستێك، كاتێك یاریزانێكی فەرەنسی تووشی سەخترین پێكانی وەرزشی هات لە مێژووی ئۆڵۆمپیاد.
- بۆ یەكەم جار كچە یاریزانێكی هیندی دەگاتە كۆتاییەكانی ئۆڵۆمپیاد لە یاری جومناستێك، ئێستا هێندستان هەموو چاوەری ئەم كچە یاریزانە دەكات، كە یەكێك لە میدالیایەكان بە دەستبهێنێت بۆ ئەوەی ببێتە یەكەم میدالیا لە مێژووی ئەم وڵاتە لە یاری جومناستێك بە دەستیبهێنێت.
- باوكی رۆژانە لە وڵاتی فلیپین بە عارەبانێك خەڵك لە شوێنێك بۆ شوێنێكی تر دەگوازێتەوە لە بری ئۆتۆمبێلی تەكسی، كەچی كچەكەی توانی لە یاری بەرزكردنەوەی قورسایی لە ئۆڵۆمپیاد میدالیای زیو بە دەستبهێنێت، هیدیلین دیاز بووە یەكەمین كچە فلیپینی میدالیا لە ئۆڵۆمپیاد بە دەستبهێنێت، ئەمەش سەرۆكایەتی وڵاتەكەی ناچار كرد، كە بەفەرمی دان بەوە دابنێت، كە چێرۆكی ئەم كچە دەبێت سوودی لێوەربگرێت.
- نەبوونی گۆڵكار هەرەشە لە بەردامبوونی سامپا دەكات لە یارییەكانی ریو دی جانێرۆی 2016، نیمار بەتەنیا ناتوانێت ببێتە فریادۆسی هەڵبژاردەی بەرازیل، ئایا كورەكانی سامپا دەتوانن گرێكۆری بە دەستهێنانی میدالیای زێر لە ئۆڵۆمپیاد بكەنەوە.
- ئەمشەو هەڵبژاردەی عێراق ئاهەنگی بەدەستهێنانی خاڵێك لە هەڵبژاردەی بەرازیل گێرا، رەنگە ئەم خاڵە ببێتە هۆكاری دەرچوونی هەڵبژاردەكە لە ئۆڵۆمپیاد!!!، عێراق پێویست یاری بەرازیل لە یاد بكات و بیر لە یاری باشووری ئەفریقیا بكاتەوە.
- لە تۆپی دەست هەڵبژاردەی قەتەر (نەتەوە یەكگرتووەكان) بە یاریزانە بیانییەكانی توانی سەركەوتنێكی زەحمەت بەدەستبهێنێت و لە هەڵبژاردەی كرواتیا بباتەوە لە یاری تۆپی دەست، كەچی هاوتە تونس و میسرییەكی بەرانبەر فەرەنسا و سلۆڤینیا تووشی دۆران هاتن.
- ئەستێرەكانی ئەمەریكا بۆ تۆپی باسكە، ئامادە نەبوون لە گوندی ئۆڵۆمپی نیشتەجێبن، بۆیە بریاریان دا لە (یختێكی) 7 ئەستێرە نیشتەجێبن.
رێبین رەمزی
Top