ساڵح جبر دەستگیر كرا

ساڵح جبر دەستگیر كرا
رۆژی سێشەممە لە دوای تەواوبوونی كۆنگرەی رۆژنامەنووسی پێشكەشكردنی راهێنەری رۆمانی یانەی مینا (ئیوان مارین) بۆ دەزگا راگەیاندنەكان، دەزگا ئەمنییەكانی شاری بەسرە یاریزانی پێشووی یانەی زاخۆ ساڵح جبر لە هۆتێل دەستگیر دەكەن.

ساڵح جبر، كە یاوەری دەستەی راهێنەرانی یانە بوو بەمەبەستی وەرگیرانی قسەكانی راهێنەرە رۆمانییەكان بۆ زمانی عەرەبی و هەروەها هێنانی چەند یاریزانێكی پیشەگەر بۆ یانەی مینا لە شاری بەسرەیە و لە هۆتێل مناوی باشا لە لایەن دەزگا ئەمنییەكانی شاری بەسرە دەستبەسەركرا.

هۆكاری دەستگیركردنی بۆ سكاڵای چەند یاریزانێك و لایەنێك دەگرێتەوە، كە لەسەر ناوبراو تۆماركراوە بەهۆی پێنەدانی پارە و نەدانەوەی قەرزەكانی.

جێگەی باسە ساڵح جبر یەكێك بوو لە یاریزانە هەر بەتواناكان لە هێڵی هێرشبەر و لە خولی رۆمانیا ئاستێكی بەرزی پێشكەش كرد و گرێبەستی لەگەڵ یانەی كاتانیای خولی ئیتاڵیا مۆركرد، بەڵام بەچەند هۆكارێكی نادیار گرێبەستەكە هەڵوەشایەوە، پاشان پەیوەندی بە یانەی زاخۆ كرد و لە خولی عێراق و كوردستان یاری دەكرد.

رێبین رەمزی
Top