ئارارات راهێنەری یانەكەی دەستنیشان كرد

ئارارات راهێنەری یانەكەی دەستنیشان كرد
دەستەی كارگێری یانەی ئارارات بەفەرمی راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەكەی بەشداربوو لە خولی نایابی كوردستان دەستنیشانكرد.
وەلید ئەنوەر موراد جێگری سەرۆكی یانەی ئارارات و سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەكە بەشداربوو لە خولی نایابی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتەدا بۆ ماڵپەری گوڵان وەرزش ناوی راهێنەری یانەكەی ئاشكرا كرد و گوتی: بەفەرمی دەستەی كارگێری یانەكەمان بریاری دا متمانەی بە راهێنەری وەرزی رابردوو سەعد ناسر نوێكردەوە وەكو راهێنەری یەكەمی یانەكە بۆ ئەوەی بتوانێت لە وەرزی داهاتوو تێپێكی تۆكمە دروست بكات و ركابەری لەسەر خولەكە بكات.
لە درێژەی قسەكانیدا وەلید ئەنوەر موراد گوتی: دوای وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی یانەكە، سەعد ناسر ئەنجامی باشی لەگەڵ تیپەكە بە دەستهێنا و نزیكبوو لەسەركەوتن بۆ قۆناغی چوار گۆشەی زێرین، بەڵام متمانەیەكی تەواومان بەم راهێنەرە هەیە، كە بتوانێت ئەم وەرزە ئەنجامی بەرچاو بە دەستبهێێت.
سەعد ناسر گۆڵچی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق بوو و لە وڵاتی میسر وەكو گۆڵپارێكی پیشەگەر یاریكردووە و لەگەڵ یانەی ئارارات وەكو راهێنەری گۆڵپارێز لە وەرزی رابردوو دەستبەكاربوو، بەڵام دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەمەد جەوهەر لە ئەركی راهێنەرایەتی یانەی ئارارات، دەستەی كارگێری یانەكە ئەركی راهێنەرایەتی تیپەكەی خەستە ئەستۆی سەعد ناسر تا كۆتایی وەرزەكە.
رێبین رەمزی
Top