ھەولێر بەشداری کردنی لە خولی عێراق بە نادیاری جێھێشتووە
خولی نایابی یانەکانی عێراق ساڵ بە ساڵ بەھێزتر دەبێت بە ھۆی ئەو ھەموو گرێبەستەی کە لەلایەن یانەکانەوە لەگەڵ یاریزانان مۆردەکرێت بۆ بەدەستھێنانی ئەنجامی شایستە لە خولی عێراقی ، یانەکانی کوردستانیش کە وەرزی ڕابردوو نەیانتوانی ئەنجامی شایستە بەدەست بھێنین بەھۆی قەیرانی داراییەوە ، بەڵام یانەکانی باشورو ناوەڕاستی عێراقی بە پێچەوانەی یانەکانی کوردستان لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە مۆرکردنی گرێبەست لەگەڵ یاریزانان بۆ ئەوەی بتوانن پێکھاتەیەکی باش بۆخۆیان دەستنیشان بکەن و بەھێزییەوە بچنە نێو ڕکابەرییەکانی خولی نایابی عێراقی ، بەڵام یانە کوردستانیەکان تاکو ئێستا بڕیاری بەشداری کردنیان نەداوە بەھۆی ئەو قەرزە زۆرەی لەسەریان کۆبۆتەوە، یانەی ھەولێریش تاکو سەرەتای ئەم مانگە چاوەڕوان دەبێت دواتر بڕیاری یەک لای کەرەوە دەدات، لەبارەی چارەنووسی یانەی ھەولێر بۆ بەبەشداری کردن لە خولی عێراق بێجان ئیبراھیم ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی وەرزشیی ھەولێر بۆگۆڤاری گوڵان گوتی" ئێمە کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕی یانەکەمان ئەنجامداوە لەسەر پرسی بەشداری کردن و نەکردنمان لە خولی عێراقی ، بەڵام ئێمە چەند نووسراوێکمان کردووە بۆ لایەنی بەرپرس لە حکومەت بۆ ئەوەی ھاوکارمان بن لە رووی داراییەوە بۆیە تاکو سەرەتای مانگی داھاتوو دەوەستین بۆ ئەوەی بزانین کە ئایا حکومەت و لایەنی بەرپرس ھاوکاریمان دەکەن یاخود ناکەین ، ئەوکاتیش ئێمە بڕیارێکی چارەنووساز دەدەین لەسەر بەشداری کردنمان چونکە ئێستا یانەکان خەریکی کۆکردنەوەی یاریزانانن و ئێمەش ھیچمان نەکردوە یاریزانانی ئێمەش لەلایەن یانەکانی ترەوە گرێبەستیان پێشکەش کراوە بۆیە لە بارێکی خراپ داینە ، چونکە یاریزانانیش مافی خۆیانە کە چارەنووسی خۆیان بزانن، لەبارەی پێدانی گرێبەستەکۆنەکانی یاریزانانیش بێجان گوتیشی " تاکو ئێستا ھیچ بڕەپارەیەکمان لەدەست نییە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو پارەی گرێبەستی ئەوان بدەین و مافی خۆیانە کە داوای مافەکانیان بکەن، بۆیە تەنیا یاریزانە کوردەکان لامان ماون ئەوانی تر لە ڕاھێنەران و یاریزانە عەرەبەکان پەیوەندییان بە یانەی ھەولێر نەماوە.
کارزان کانەبی
