سەولو کانۆ وەرزشێکی زۆر مەترسیدارە بە تایبەت بۆ ئاستی کچان

سەولو کانۆ وەرزشێکی زۆر مەترسیدارە بە تایبەت بۆ ئاستی کچان
دونیا دارا یاریزانی سەولو کانۆی ھەڵبژاردەی عێراق
سەولو کانۆ وەرزشێکی زۆر مەترسیدارە بە تایبەت بۆ ئاستی کچان
ھەر چەندە یاری سەولو کانۆی یارییەکی تاڕادەیەک نوێیە بۆ ھەرێمی کوردستان ، بەڵام وەرزشکارانی کوردستانیش بە تامەزرۆیەوە روویان لەم یارییە کردووە بۆ ئەوەی بتوانن شان بە شانی یاریزانانی وڵاتانی تری جیھان ڕکابەری بکەن لەسەر بەدەستھێنانی ئەنجامی شایستە، قەزای دووکانە بە ھۆی ئەو دەریاچەی لە سنوری شارەکە ھەموو کات بەوە بە ناوبانگ بووە کە بۆتە خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانا لە یارییەکانی سەول کانۆ ، یەکێک لەم یاریزانە بەتوانایانەش کە پاشە رۆژێکی باش لە چاوەڕوانی ئەودایە، کچە یاریزان دونیا دارایە ناوبراو لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٧ی قەزای دووکان ویاریزانی ھەڵبژاردەی نیشتیمانی عێراقە لە ھیچ یانەیەک یاری ناکات ، دونیا خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەسەر ئاستی کوردستان وعێراق و ووڵاتانی عەرەبی ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ، ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*چۆن بوو ھاتیتە نێو ژیانی وەرزشیی؟
-ھاتنە ناو ژیانی وەرزشیم پەیوەندی بە حەزو و ئارەزووی خانەوادەکەم دواتریش خۆم، چونکە ھەموو کاتێک ھاوکاریان کردووم بۆ بەردەوام بوونم لە وەرزش ئێستاش لە کۆلێژی وەرزشی ئەخوێنم کە ئەمەش وا دەکات زیاتر لە وەرزش نزیک بم.
*بۆچی لەناوئەم ھەموو یارییە وەرزشیە جۆراوجۆرە ئەم یارییەت ھەڵبژارد؟
-ھەڵبژاردنی ئەم یارییە ئەوە بوو کە ھەستم کرد پشتگیریم دەکرێت کە سێک ھەیە کە خۆی بۆ خزمەتی ئەم وەرزشە تەرخان کردووە ، ئەم کەسەش سەرۆکی یەکێتی سەول و کانۆی کوردستانە (م جەعفەر) دواتریش توانا و حەزی خۆم وای کردووە ئەم یارییە ھەڵبژێرم.
بەتاکە
* ئاستی یاری سەول کانۆچۆن دەبینی لە کوردستان ؟
-ئاستێکی زۆر باشی ھەیە ھەموو کات لە بەرەوو پێش چوونە ، چاوەڕوان ئەوە دەکەم کە داھاتوویەکی زۆر پرشنگداری ھەبێت لەلایەن بەرپرسانی وەرزشیەوە زۆریشەوە.
* ھەست ناکەی ئەم یارییە پشتگوێ خراوە؟
-زۆریش پشتگوێ خراوە تەنانەت زۆریان نازانن چ جۆرە وەرزشێکە یاییەکەی ئێمە.
*ئەم یارییە بۆ کچان جێگای مەترسی نییە کە لە ناو ئاوە؟
-بەدڵنیایەوە وەرزشێکی زۆر مەترسیدارە بە تایبەت بۆ ئاستی کچان ، چونکە توانا و بوێریەکی زۆر زۆری دەوێت چونکە یارییەکە لە ناو ئاوە.
* چی بکرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە شارەکانی کوردستان بەرز بکرێتەوە؟
-پێویستە یانەکانی کوردستان گرنگی پێ بدەن بۆ ئەوەی لە ھەموو شارەکانی کوردستان بوونی ھەبێت لە ئێستادا یانەی دووکان ھیچ پەیوەندەیەکی بەمن و ئەم جۆرە وەرزشەوە نەماوە.
* گرفتی وەرزشی یاری ساول کانو لە چی دەبینی ؟
-تاکە گرفتمان نەبوونی کەل و پەلی پێویستە کە ئەوەش گرفت بۆ یاریزانان درووست دەکات ناھێلێت بەرەوو پێش بچێت، جگە لەوەش قەیرانی دارایش ھۆکارێکی ترە لە گرفتەکان.
* ھیچ یانەیەک گرێبەستی پێشکەش نەکردووی؟
-بەلێ لە ئێستادا من یاریزانی یانەی دووکان نیم و ھیچ پەیوەندیەکم بەم یانەیەوە نەماوە ، باشترین یانەی کوردستان پەیوەندیان پێوە کردووم لە گۆفت و گۆداین بۆ گەیشتن بە ئەنجام بۆیە لەئ ێستادا حەزناکەم ناوی یانەکە بلێم تاکو کارەکانی لەگەڵی بەکۆتایی بێت.
* بەھیوای لە ژیانی وەرزشیت؟
-ھەمیشە بە ھیوای ئەنجامی باشترم ، چونکە نامەوێت ھەرگیز واز لە وەرزش بێنم لەبەر ئەوەی تاکە خولیای ژیانمە.
*بەرنامەت چیە بۆ داھاتوو؟
- لە دوای مانگی پیرۆزی رەمەزان دەچمە ناو کەمپێکی مەشق و ڕاھێنان لەگەڵ ھەڵبژاردەی عێراق بۆ بەشداری کردن لە پاڵەوانێتی عەرەی کەوا بڕیارە لە مانگی نۆی ئەمساڵ بەرێوەبچێت لە یەکێک لە وڵاتە عەرەبیەکان.
*قەیرانی دارایی تاچەند کاری کردۆتە سەر ئەم یارییە؟
- قەیرانی دارایی رۆلی تەواوی گێراوە لەسەر ھەموو یارییە وەرزشیەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی یارییەکەی ئێمەشی گرتۆتەوە.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەکەم کە بەردەوام لە ناو خەمەکانی وەرزشوانانن بەسەریان دەکەنەوە ئێمەش لە میمبەری ئێوە دەتوانین خەمەکانمان دەرببرین، سوپاسی دایک و باوکم دەکەم ھەمیشە ئەودەستکەوتانەی بەدەستی دەھێنم بەھۆی ئەوانی دەزانم .
Top