ئەرژەنتین گەیشتە یاری كۆتایی كۆپا ئەمەریكا

ئەرژەنتین گەیشتە یاری كۆتایی كۆپا ئەمەریكا
هەڵبژاردەی ئەرژەنتین توانی بگاتە یاری كۆتایی كۆپا ئەمەریكای 2016، كە لە وڵاتی ئەمەریكا بەرێوە دەچێت دوای ئەوەی توانی بە ئەنجامی (4-0)گۆڵ لە هەڵبژاردەی خاوەن یاریگا و جەماوەر ئەمەریكا بباتەوە و میسی ئەستێرەی یارییەكە بوو بە بێ ركابەر.
لە یاریگەی (ئین جی ئار) هەڵبژاردەی ئەرژەنتین ئاستێكی بێ وێنەی پێشكەش كرد و توانی چوار جار تۆرەی ئەمەریكا بەهەژێنێت، لە خولەكی 3 یاریزان ڵڤێتزی بە لێدانێكی سەری جوان گۆڵی یەكەم بۆ هەڵبژاردەكەی تۆماركرد دوای ئەسێستێكی جوانی میسی پاشان لە خولەكی 32 ئەستێرەی یارییەكە میسی توانی گۆڵی دووەم بە لێدانێكی فاولی راستەوخۆی جوان تۆمار بكات، گێمی یەكەمی یارییەكە بە ئەنجامی (2-0)گۆڵ تەواو بوو.
لە گێمی دووەمی یارییەكە و لە خولەكی 50 یاریزان هیگواین توانی گۆڵی سێیەم تۆمار بكات و لە خولەكی 86 دووبارە هیگواین گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی هەڵبژاردەكەی بە ئەسستێكی جوانی میسی تۆماركرد.
لەم یارییە یاریزانی هڵبژاردەی ئەرژەنتین لاڤێتزی تووشی پێكانێكی مەترسیدار بوو راستەوخۆ یاریگای بەرەو نەخۆشخانە جێهێشت.
بەم ئەنجامە هەڵبژاردەی ئەرژەنتین گەیشتە یاری كۆتایی كۆپا ئەمەریكا لە چاوەروانی براوەی یاری هەردوو هەڵبژاردەی كۆڵۆمبیا و شیلی دایە.
رێبین رەمزی
Top