ئیسپانیا و کرواتیا لە قۆناخی 16ی یۆرۆ نزیکن

ئیسپانیا و کرواتیا لە قۆناخی 16ی یۆرۆ نزیکن
لە کۆمەڵەی چوارەمدا ئەمڕۆ هەردوو یاری کۆمەڵەکە ئەنجامدەدرێت و چارەنووسی هەڵبژاردەی دووەم دیاریدەکرێت و هاوشانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەگاتە قۆناخی 16ی یۆرۆ، لە دوایین یاریدا لارۆخا رووبەڕووی هەڵبژاردەی کرواتیای دووەم دەبێتەوە

لە یاری دووەمیشدا هەڵبژاردەی چیک رووبەڕووی تورکیا دەبێتەوە، هەردوو هەڵبژاردەش ئامانجیان سێ خاڵی یارییەکەیە تاوەکو هیچ نەبێ وەک یەکێک لە باشترین سێیەمەکان خۆیان دەرباز بکەن بۆ قۆناخی داهاتووی یۆرۆ.

کۆمەڵەی چوارەمی یۆرۆی 2016، چارەنووسی خۆی یەکلادەکاتەوە بە دوو رووبەڕووبوونەوە، لە یەکەمیاندا ئیسپانیا بەرامبەر کرواتیا یاریدەکات و لە دووەمدا چیک و تورکییەکان بەیەکدەگەن.

لەوانەیە لێکدانەوەکانی ئەم کۆمەڵەیە لەوانیدیکە کە تا ئێستا یارییان کردووە جیاواز بێت، ئیسپانییەکان لە ئەنجامی دوو بردنەوەدا سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەرکردووە و ئەوەی بەشوێنیدا دەگەڕێن لە دوا یاریدا پێشەنگی کۆمەڵەکەیە، لە کاتێکدا هەڵبژاردەی تورکیا لە هەمان کۆمەڵەدا بە دوو دۆڕانی لەسەریەک وەک بێهێزترینی پاڵەوانیەتییەکە دەرکەوتووە.

ئیسپانیا کە هەڵگری نازناوی پاڵەوانیەتییەکەیە تەنیا پێویستی بەیەکسانبوون هەیە بۆ هێشتنەوەی پێشەنگ لای خۆی، لە هەمان کاتدا هەمان ئەنجامی یەکسانبوون، کرواتییەکانیش دەباتە قۆناخی داهاتوو، بەبێ ئەوەی پێویستیان بەئاوڕدانەوە لە ئەنجامی یارییەکەی دیکەی کۆمەڵەکەیان هەبێت.
کرواتییەکان لە یاری دووەمیاندا بەئاسانی پێشکەوتنیان بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لەدەستدا و بە یەکسانبوونی 2 - 2 یاریگەیان بەجێهێشت، جیا لەوەش هاندەرەکانیان کێشەی زۆریان لە یاریگەدا دروستکرد و کار گەیشتە ئەوەی راهێنەرەکەیان، هاندەرەکان بە تیرۆریست ناو ببات.
کرواتییەکان لەوانەیە لە تواناکانی لۆکا مۆدریچ لە یارییەکەدا بێبەش بن و ئەو یاریزانە لانی کەم بۆ پاراستنی لەپێناو یارییەکانی قۆناخی داهاتوودا یاری ناکات، بەڵام ئینێستای مایسترۆی ئیسپانییەکان بۆ یارییەکە ئامادەیە.
لە یارییەکەی دیکەدا هەڵبژاردەی چیک دەبێ لە تورکیا بباتەوە و کرواتیاش بە ئیسپانیا بدۆڕێت تا بەجیاوازی گۆڵ بەسەر کرواتیادا بگاتە قۆناخی داهاتوو.
هەرچی تاکە ئومێدی تورکیایە لە پاڵەوانیەتییەکە، بریتییە لە بردنەوە لە چیک و گرتنی پلەی سێیەمی کۆمەڵەکە و لە دوای ئەوەش ژیان بەو ئومێدەوە هەڵبژاردەکە ببێتە یەکێک لە باشترین سێیەمەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان.
لە کۆمەڵەی چوارەمدا هەموو ئەگەرەکان تاڕاددەیەکی زۆر کراوەن، ئەگەر ئیسپانییەکان پێشتر پەڕینەوەیان مسۆگەر کردبێت، ئەوانیدیکە هێشتا لە هیچ شتێک دڵنیانین و بەدوای سەرکەوتندا دەگەڕێن.



م
Top