ئەمڕۆ گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی سێیەمی یۆرۆ یەکلادەبێتەوە
لە کۆمەڵەی سێیەمی پاڵەوانیەتییەکەدا دوو یاری ئەنجامدەدرێت و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا رووبەڕووی ئێرلەندای باکوور دەبێتەوە، پۆڵەنداش لەگەڵ ئۆکراینا یاریدەکات.
پرسیاری زۆری لەسەر ئاستی مانشافت لە یۆرۆدا دانا، هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەیەوێ شوێنی خۆی لە قۆناخی شانزەی پاڵەوانیەتییەکەدا بکاتەوە.
ئەوە تەنیا ویستی ئەڵمانییەکان نییە لە کۆمەڵەی سێیەمدا، بەڵکو پۆڵەندییەکانیش کە بەهەمان شێوە 4 خاڵیان هەیە، بیر لە هەمان شت دەکەنەوە.
ئەڵمانیا کە ئەمجارە بەرامبەر ئێرلەندای باکوور یاریدەکات، پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە بەجیاوازی گۆڵ و جیا لە پۆڵەندییەکانی دووەم، ئێرلەندای باکووریش لە پلەی سێیەمە بە سێ خاڵ و ئۆکراینییەکان بێ خاڵن.
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا پێویستی بەتەنیا بردنەوە هەیە بۆ پەڕینەوە بەرەو قۆناخی داهاتوو، بەڵام پێویستی بەبردنەوە دەبێت ئەگەر بیەوێت لە پێشەنگی کۆمەڵەکەدا بمێنێتەوە تا لە قۆناخی داهاتوودا یارییەکی تاڕاددەیەک ئاسان ئەنجامبدات، ئەمە بەو مەرجەی پۆڵەندییەکان گۆڵی زۆر لە ئۆکراینییەکان نەکەن لە یاری نێوانیاندا.
لە بەرامبەر هەڵبژاردەی پۆڵەنداش پێویستی تەنیا بەبردنەوە هەیە بۆ گەیشتنە قۆناخی داهاتوو، بەڵام بردنەوە ئەو دەپارێزێت لە رووبەرووبوونەوەی هەڵبژاردەیەکی بەهێز لە قۆناخی داهاتوودا.
ئەڵمانییەکان دوای یەکەم بردنەوەیان و یەکسانبوون بەرامبەر پۆڵەندا، رووبەڕووی رەخنە بوونەوە لەلایەن میدیا وڵاتەکەیانەوە بەهۆی بێتوانایی لە هەژاندنی تۆڕی پۆڵەندا.
هەرچەندە یواخیم لۆفی راهێنەر گاڵتە بە قسەی رۆژنامەکان دەکات، بەڵام لەوانەیە پێویستی بە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی هەڵبژاردەکەیدا هەبێت تا ئاسانتر سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
ئەڵمانیا پێویستی زۆری بە هێرشبەرێکی گۆڵکەری سەرەڕم هەیە و لە چەند یاری پێشوودا ماریۆ گۆتزێ سەلماندی لە ئاستی ئەو ئەرکەدا نییە، بۆیە دوورنییە ئەمجارە ماریۆ گۆمێز ئەرکی سەرەڕم لە ئەستۆ بگرێت.
پۆڵەندییەکان لای خۆیانەوە پێویستیان بە خۆپاراستن لە بەرکەوتنی پێشەنگی کۆمەڵەکان هەیە لە قۆناخی داهاتوودا، ئەوانیش دەبێ کاریگەریی زیاتر بەرامبەر گۆڵی رکابەرەکەیان پێشان بدەن، بە تایبەت کە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی گۆڵکەری هەڵبژاردەکە هێشتا نەیتوانیوە سەردانی تۆڕی هەڵبژاردەکانی بەرامبەر بکات.
م
