لێدوانی ڕاهێنەرەکەی چیلی دوای سەرکەوتنە مێژووییەکەیان بەسەر مەکسیکدا

لێدوانی ڕاهێنەرەکەی چیلی دوای سەرکەوتنە مێژووییەکەیان بەسەر مەکسیکدا
خوان ئەنتۆنیۆ بیتزی ئەرجەنتینی و ڕاهێنەرەی هەڵبژاردەی چیلی، ڕایگەیاند کە سەرکەوتنە گەورەکەیان بەرامبەر مەکسیک بە حەوت گۆڵی بێ وەڵام، وایان لێ ناکات زیادەڕەوی بکەن لە ئاهەنگگێڕان و خۆیان بۆ یارییەکەی کۆڵۆمبیا ئامادە دەکەن کە بڕیارە پێنجشەممە ئەنجام بدرێت.

دوای کۆتایی هاتنی ئەو یارییە، بیتزی بە میدیاکانی وت: "ئەم کۆمەڵە یاریزانە جوانترین پەڕەکانی مێژووی تۆپی پێی چیلییان نوسیوەتەوەو بەردەوام دەبین لە نوسینەوەی ئەم چیرۆکە".

ڕاهێنەرەکەی چیلی دوپاتیشی کردەوە کە تیپەکەی لەهەموو ڕووەکانەوە توانیویەتی بەسەر مەکسیکدا سەرکەوێت و جیاوازی حەوت گۆڵەکەشی بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی یاریزانەکانی گەڕاندەوە لە ڕووی تاکە کەسی و بەکۆمەڵ.

وتیشی: "جەنگی تاکە کەسی زۆر گرنگە و لەم ڕووەوە توانیمان بە تەواوی بەسەر ڕکابەرەکەماندا سەرکەوین".

لەکۆتایشدا ڕایەگەیاند: "هیچ هەلێکمان نەدایە ڕکابەر بۆ ئەوەی فشار بخەنەسەرمان و بەشێوازی ئاسایی خۆیان یاریی بکەن، ئێمە شێوازی خۆمان بەسەر یارییەکەدا زاڵکرد و بەدڵنیاییەوە شایستەی ئەم سەرکەوتنەبووین".




م
Top