كوردێك بووە راهێنەری گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی عێراق
بەمەبەستی بەشداریكردن لە یارییەكانی پاڵاوتن بۆ جامی جیهانی 2018 لە رووسیا، یەكێتی تۆپی پێی عێراق رازی شنێشل-ی كردە راهێنەری هەڵبژاردەكە، ئەوەیش بەفەرمی بریاری دا سوهێل سابر وەكو راهێنەری گۆڵپارێزی هەڵبژاردەكە دەستنیشان بكات.
سوهێل سابر لە دایكبووی شاری كەركووك و لە ریزی یانەكانی تەڵەبە و هەڵبژاردەی عێراق یاریكردووە، پاشان وازهێنانی رووی كردە بواری راهێنەرایەتی و ماوەیەكی زۆرە لە وڵاتی قەتەر وەكو راهێنەری گۆڵپارێز لە یانەی سد كار دەكات و رۆڵێكی باڵای هەبووە لە پێگەیاندنی چەندین گۆڵپارێز بۆ یانەكە و هەڵبژاردەی قەتەر.
لە لێدوانێكی تایبەتدا سوهێل سابر گوتی: هەست بە خۆشیەكی زۆر دەكەم، كە وەكو راهێنەری گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی عێراق دەستنیشان كرام، هیوادارم بتوانم ئەنجامێكی باش لەگەڵ هەڵبژاردەكە بە دەستبهێنێن.
لە درێژەی قسەكانیدا سوهێل سابر گوتی: بریارمان دا چەند گۆڵپارێزێك بانگهێشتی هەڵبژاردەكە بكەین بۆ ئەوەی بتوانین لە نزیكەوە سەیری ئاساتیان بكەین و دلێر حاتم یەكێكە لەو گۆڵپارێزەرانە، بۆیە بە یەك چاو سەیری ئاستی هەموویان دەكەم ئەوەی شایستە بوو لە هەڵبژاردەكە بەردەوام دەبێت.
جێگەی باسە ئەم راهێنەرە گۆڵپارێزرە بەفەرمی بانگهێشتی دوو گۆڵپارێزی كوردی بۆ هەڵبژاردەی عێراق كردووە، ئەوەیش دلێر حاتم-ی گۆڵپارێزی یانەی هەولێر و شوان جەلال گۆڵپارێزی پیشەگەر لە ئینگلتەرە.
رێبین رەمزی
