پێم باشە گرنگی زیاتر بدرێت بە بواری وەرزشی ئافرەتان
ھاوژین عەبدولرەحمان یاریزانی تۆپی سەرمێزی یانەی وەرزشی ئەفرۆدێت
پێم باشە گرنگی زیاتر بدرێت بە بواری وەرزشی ئافرەتان
ھاوژین یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی یاری تۆپی سەرمێزە لە شاری سلێمانی ئەو ماوەیەکی زۆر لە نێو ئەم یارییە چەندین ئەنجامی باشی بەدەستھێناوە لەگەڵ یانەی ئافرۆدێت، ناوبراو جگە لە یانەی ئەفرۆدێت بۆ ھیچ یانەیەکی تری وەرزشی یاری نەکردوە لە پاڵ یاری تۆپی سەرمێز یاری شمشێر بازیشی ئەنجامداوە لەگەڵ یانەکەی ئێستاش وەکو یاریزان و سەرپەرشتیاری تۆپی سەرمێزی یانەکەی کاردەکات، ناوبراو لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٩ی شاری سلێمانییە و دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە و ناوبژیوانی ھەریەک لە یارییەکانی مەلەوانی و تۆپی سەرمێز و تۆپی بالە و نیشان شکێن و چەندین یاری تری کردوە ، ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پڕسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
* چۆن بوو خۆت لە نێو دونیای یاری تێنسی سەرمێز دۆزییەوە؟
-ھەر لە قۆناغی خوێندنی سەرەتاییمەوە خولیای وەرزش بوویمە، رۆژبە رۆژ لەلام گەورەتر دەبوو بەگشتی، بەتایبەتی خولیای من بۆ یاری تۆپی سەرمێز لە رێگەی قوتابخانەکانیشەوە سوودی زیاترم لەم یارییە بینی.
* ئاستی یاری تۆپی سەرمێز چۆن دەبینی لە کوردستان؟
- تاڕادەیەک لەم ئاستە بەرزەی نابینم کە یاریزانان تواناکانی خۆیان تێدا ببیننەوە، بۆیە ساڵانە خول کەم بەرێوە دەچێت و یاریزانانیش ناتوانن تواناکانی خۆیان بە تەواوی تێدا ببینەوە.
* ھەست ناکەی لە ئاستی کچان وەکو پێویست نییە بەھۆی کەمی کردنەوەی پاڵەوانێتی؟
- بەھۆی کەمی کردنەوەی پاڵەوانێتی تۆپی سەرمێز بۆ ئاستی کچان وای کردووە کە ئاستی کچان بە شێوەیەکی بەرچاو نەبێت، جگە لەوەش کچە یاریزانانی کەمە ئەم یارییە لە ھەندێک لە شارەکانی کوردستان، شاری سلێمانیش خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق.
* بە بۆچوونی تۆ چی بکرێت ،باشە بۆ باشتربوونی رەوشی ئەم یارییە؟
- پێم باشە گرنگی زیاتر بدرێت بە بواری وەرزشی ئافرەتان بە گشتی و یاری تۆپی سەرمێز بە تایبەتی، چونکە ئەم یارییە تاڕادەیەک زۆر لە کوردستاندا پشتگوێ خراوە ھەم لە لایەنی راگەیاندنەوە ھەم لەلایەن بەرپرسانی وەرزشی ئەم یارییەوە ، بۆیە ئەگەر بمانەوێ ئاستی ئەم یارییە بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینی دەبێت بەر لە ھەموو شتێک پاڵەوانێتی زیاتر و گرنگی زیاتر بەم یارییە بدرێت، جگە لە کردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بە بەردەوامی.
* گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی وەکو یاریزانێک؟
-گرفتی ئەم یارییە وەکو سەرجەم یارییەکانی تر خراپی باری ئابووری یانەکان، نەکردنەوەی یەکەی مەشقی بە چەند مانگێک پێش دەست پێکردنی پاڵەوانێیەتیەکە، کەمی کەل و پەلی و ئامرازی پێشکەوتو تایبەت بەم یارییە لە کوردستان ئەمانە ھەمووی گرفتن جگە لە ھۆڵی تایبەت بە مەشقەکان.
* بەرنامەت چیە بۆداھاتووی خۆت؟
-بەرنامەم ئەوەیە لە داھاتوودا باشتر لە ئێستادا گرنگی بە مەشق و ڕاھێنانەکانم بدەم بە شێوەیەکی ئەکادیمیانەتر و بتوانین خزمەتی زیاتر بەم یارییە بکەین لەسەر ئاستی کوردستان.
* خەونی وەرزشیت چیە لە ژیانی یاریزانیت؟
- خەون و ئاواتم ئەوەیە کە ھەنگاوی گەورەتر و سەرکەوتوانەتر بنێم بەرەوو دونیای وەرزش و تواناکانم زیاتر بکەم تا دەگاتە ئاستی جیھانی.
* تۆ جگە لە یاریزان سەرپەشتیاری تیپەکەشی دۆزینەوەی یاریزانان زەحمەت نییە بۆتۆ؟
-دۆزینەوەی یاریزانان بۆ ئەم جۆرە یارییە تا ڕادەیەک سەختە بەتایبەتی دۆزینەوەی یاریزانانی کچ، چونکە پێویستە ھەر لە تەمەنێکی منداڵیەوە ئامادەی بکەیت بۆ ئەم جۆرە یارییە.
* بەھیوای ئەوە نیت ھەڵبژاردەی کوردستان لە یاری تۆپی سەرمێز دابمەزرێ تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ؟
-بەھیوای ئەوەم ھەڵبژاردەی کوردستان بۆ یاری تۆپی سەرمێز دابمەزرێ و منیش یەکێکبم لە یاریزانانی ئەم ھەڵبژاردەیەو بە ئاڵای کوردستان بە درێسی ھەڵبژاردەکە بەشداری پاڵەوانێتیکی گەورەی جیھانی بکەم.
* خانەوادەکەت تا چەند ھاوکارتن بۆ وەرزش کردن؟
-خانەوادەکەم گەورەترین پاڵپشت و ھاوکارمبوون بۆ بەرەوو پێشبردنی ژیانی وەرزشیم.
* ھیچ یانەیەک داوای گرێبەستی لێ نەکردوویت؟
-بەھۆی کەمی گرنگیدانی یانە وەرزشیەکان بۆ ئەم یارییە تائێستا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ داوای گرێبەستم لێ نەکرتوە، بەڵام بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ھەبووە.
*پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی چیە؟
- پێشنیارم بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی لە کوردستاندا تەنیا گرنگیدانە بە جۆری چاڵاکییەکانی وەرزشی بە پێی سەنگ و قورسایی جۆری یارییەکە.
* چیت ماوە لە کۆتایدا؟
-بە ھیوای باشبوونی ئاستی وەرزشم لە کوردستاندا بە گشتی لە ناو یانەکاندا بەتایبەتی، سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەکەن بۆ بەردەوامی خزمەت کردنی بە ھەموو چین و توێژەکانی وەرزش ، ئەمەش کارێگی گەورەیە .
