یاریزانانی کوردستانیش ئاستێکی زۆرباشیان

یاریزانانی کوردستانیش ئاستێکی زۆرباشیان
ئەژین عەلی یاریزانی تۆپی سەرمێزی یانەی وەرزشی ئەفرۆدێت
یاریزانانی کوردستانیش ئاستێکی زۆرباشیان
شاری سلێمانی خاوەنی چەندین کچە یاریزانی بەتوانایە لە یارییەکانی تۆپی سەرمێز کە کۆنترۆڵی ھەڵبژاردەکانی عێراقیان کردوە لە ئاستە جیاوازەکان ئەویش بەھۆی گرنگی شارەکەیە بۆ ئەم یارییە ، یەکێک لە کچە یاریزانە بەتواناکانی سەر ئاستی کوردستان و عێراقیش ئەژین عەلییە ئەو یەکێکە لە یاریزانە ھەرە بەتواناکانی یانەی ئەفرۆدێت و خاوەنی ئاستێکی بەرزی یاری کردنە ناوبراو لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٧ی شاری سلێمانی و قوتابی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە لە زانکۆی سلێمانی و خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەکەی لە ئاستی شاری سلێمانی کوردستان و عێراق ئێمە لە نزیکەوە چەند پررسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
* چۆن بوو خۆت لە نێو دونیای یاری تێنسی سەرمێز دۆزییەوە؟
-ھەر لە منداڵیەوە حەزم لە وەرزش بوو بە تایبەتی یاری تێنسی سەرمێز بۆیە ئەم یارییەشم ھەڵبژارد چونکە یەکێک بوو لە ئاواتەکانم کە بەم یارییە بگەم.
* ئاستی یاری تۆپی سەرمێز چۆن دەبینی لە کوردستان؟
-زۆر خراپە بە شێوەیەکی گشتی چونکە لە کوردستان کەمتر گرنگی بە یارییە تاکییەکان دەدرێت لە چاو یارییەکانی تر کە گرنگی زۆری پێ دەدرێت و کاری باشتری بۆ ئەنجام دەدرێت.
* ھەست ناکەی ئاستی کچان وەکو پێویست نییە بەھۆی کەمی کردنەوەی پاڵەوانێتی؟
-بێگومان بەھۆی نەکردنەوەی پاڵەوانێتیەکانە یانەکانیش کەمتر گرنگی بە بە مەشقەکان دەدەن بۆ کچان ئەمەش دەبێتە ھۆکار کەوا یاریزانانی کچ کەمتر ڕوولە وەرزش بکەن و یارییەکان ئەنجام بدەن.
* بە بۆچوونی تۆ چی بکرێت ،باشە بۆ باشتربوونی رەوشی ئەم یارییە؟
- ھۆکاری سەرەکی بۆ باشتر بوونی ڕەوشی ئەم یارییە کردنەوەی پاڵەوانێتی زۆر و بەردەوامە جگە لەوەش مەشقی بەردەوام بۆ یاریزانان دەبێتە ھۆکارێکی باش بۆ ئەوەی یاریزانان ھەموو کات ئامادەبن بۆ ئەنجامدانی یارییەکانیان.
* بەرنامەت چیە بۆ داھاتووی خۆت؟
-بەرنامەم ئەوەیە زیاتر بەشداری بکەم لە پاڵەوانێتیەکانی دەرەوەی کوردستاندا بۆ ئەوەی بتوانم ئاستی ڕاستەقینەی خۆم پێشکەش بکەم و ھەڵی زیاترم بۆ بڕەخسێ بۆ یاری کردن.
* خەونی وەرزشیت چیە لە ژیانی یاریزانیت؟
-بوون بە پاڵەوان لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوەش .
* دۆزینەوەی یاریزانانی کچ زەحمەت نییە بۆ ڕاھێنەران؟
-بێگومان زۆریش زەحمەتە یاری تێنس یارییەکی قورسە پێویستە لە تەمەنێکی منداڵیەوە مەشق و ڕاھێنانیان پێ بکرێت، بۆیە رێژەی یاریزانانی کچ کەمترە لە چاو کوڕان.
* بەھیوای ئەوە نیت ھەڵبژاردەی کوردستان بەشداری لە پاڵەوانێتیکی نێودەوڵەتی بکات ؟
-بەدڵنیایەوە یاریزانانی کوردستانیش ئاستێکی زۆرباشیان ھەیە بۆیە کوردستانیش ئەگەر بەشداری کردنی لە پاڵەوانێتیەکانی دەرەوە بۆ بڕەخسێ بە تایبەت نێودەوڵەتیەکان بەڵام لەکاتێکدا ھاوکاری بکرێن.
* خانەوادەکەت تا چەند ھاوکارتن بۆ وەرزش کردن؟
-زۆر سوپاسی خانەوادەکەم دەکەم کوا پشتگیری بەردەوان دەکەن ھەموو کات لەگەڵ منن وەکو یارمەتیدان تا باشترین ئەنجام بەدەست بھێنم.
* ھیچ یانەیەک داوای گرێبەستی لێ نەکردوویت؟
-بەلێ چەندین یانە داوای گرێبەستیان لێ کردوومە ،بەڵام من یانەی ئەفرۆدێتم پێ باشتر بووە لە ھەموو ئەم یانانە.
*پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی چیە؟
جپێشنیارم بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی ئەوەیە کە پاڵەوانێتی زیاتر بکەنەوە زیاتر گرگی بە یاریزانانەکان بدەن و ھۆڵ و پێداویستی وەرزشی تێنس دابین بکەن بۆ ئەوەی کچە یاریزانان زیاتر ڕوولە وەرزش بکەن.
* چیت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاسی بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەم ھەموو خزمەتکردنەی بە وەرزشی ناوەخۆ و سوپاسی ڕاھێنەرەکانم دەکەم (سەیفەدین،کاروان،رێزان خان) ئەمانە ھەموو کات ھەوڵم لەگەڵ ئەدەن بۆ ئەوەی باشترین ئاست پێشکەش بکەم.

Top