هەڵبژاردەی كوردستان ماڵئاوایی لە دووەمین پاڵەوانێتی كۆنیفا كرد

هەڵبژاردەی كوردستان ماڵئاوایی لە دووەمین پاڵەوانێتی كۆنیفا كرد
لە چوارچێوەی یارییەكانی قۆناغی هەشتەمی دووەمین پاڵەوانێتی كۆنیفا، لە یاریگای دینامۆ لە شاری سۆخۆمی پایتەخی ئەبخازیا هەردوو هەڵبژاردەی كوردستان و پادانیا رووبەرووی یەكتربوونەوە، لە یارییەكی بەهێزدا كاتی یاسایی یارییەكە بە ئەنجامی (2-2)گۆڵ بۆ هەردوو لا یەكسانبوون.
گۆڵەكانی هەڵبژاردەی كوردستان لە رێگەی یاریزانان جاسم حاجی و یاریزانێكی هەڵبژاردەی پادانیا بەهەڵە تۆماركرا، و گۆڵەكانی پادانیا لە رێگەی یاریزانان ڤییری و ماركۆ گراڤێڵی تۆماركرا.
یارییەكە راستەوخۆ چووە لێدانی یەكلاكەرەوەی سزا، كە تیاییدا هەڵبژاردەی پادانیا توانی سەركەوتن بە دەستبهێنێت بەئەنجامی (7-6) گۆڵ، كاتێك هەردوو یاریزانی هەڵبژاردەی كوردستان كۆسرەت بایز و كامەران عەلی لێدانی سزایان تۆمار نەكرد و هەریەكە لە یاریزانان (میران خەسرەو، خالید موشیر، دیار رەحمان، فەرحان شوكر، هونەر ئەحمەد، محەمەد سابیر) توانیان گۆڵ تۆماربكەن.
بەم ئەنجامە هەڵبژاردەی نیشتمانی كوردستان ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتیەكە كرد و رۆژی هەینی كاتژمێر 8ی شەو یاری دیاریكردنی ریزبەندی پاڵەوانێتیەكە لەگەڵ دۆراوی یاری نێوان هەردوو هەڵبژاردەی پەنجاب و ئەرمینیای رۆژئاوا یاری دەكات.
رێبین رەمزی
Top