پێكان یاریزانێكی هەڵبژاردەی كوردستان-ی لە پاڵەوانێتیەكە دوور دەخاتەوە

پێكان یاریزانێكی هەڵبژاردەی كوردستان-ی لە پاڵەوانێتیەكە دوور دەخاتەوە
یاریزانی هەڵبژاردەی كوردستان رێكار هاشم لە یاری هەڵبژاردەی بەرانبەر هەڵبژاردەی كۆریای یەكگرتوو تووشی پێكانێكی قورس هات.
دوای ئەوەی راهێنەری هەڵبژاردەی كوردستان خەسرەو گورون بۆ یەكەم جار یاری بە یاریزان رێكار هاشم كرد، لەگەڵ هاتنەنێو یاریگا لە یەكەم پاسدا گۆڵی سێیەمی بۆ هەڵبژاردەكەی دروستكرد، پاش ئەم گۆڵە یاریزانی ناوبراو تووشی پێكانێكی قورس هات لە ئەژنۆی راستەوخۆ یاریگای جێهێشت.
لە لێدوانێكی تایبەتدا محەمەد خالید نێردراوی لێژنەی رۆژنامەنووسانی وەرزشی كوردستان سەبارەت بە پێكانی رێكار هاشم گوتی: دوای تەواوبوونی یارییەكەی هەڵبژاردەی كوردستان بەرانبەر هەڵبژاردەی كۆریای باكوور، راستەوخۆ یاریزانی هێڵی ناوەراستی هەڵبژاردەی كوردستان رێكار هاشم بە ئۆتۆمبی فریاكەوتن چووە نەخۆشخانە، دوای ئەنجامدانی پشكنین، دەرئەنجامی سەرەتای دەریخست، كە نابراو تا 10 رۆژ تر ناتوانێت یاری بكات و پێویستی بە حەوانەوە هەیە.
لە درێژەی قسەكانیدا محەمەد خالید گوتی: وا بریارە رۆژی چوارشەممە دووبارە پشكنین بۆ یاریزانی ناوبراو ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی جۆری پێكانەكەی بۆ دیاری بكەن و چۆنیەتی چارەسەركردنی، بەڵام بەشێوەیەكی كۆتایی رێكار هاشم تا كۆتایی یارییەكانی دووەمین پاڵەوانێتی كۆنیفا ناتوانێت یاری بكات.
جێگەی باسە رێكار هاشم لەم وەرزدا لە خولی نایابی عێراق ئاستێكی بەرزی پێشكەش كرد لەگەڵ یانەی هەولێر و بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق كرا و چاوەروان دەكرا لەگەڵ هەڵبژاردەی كوردستان ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات.
رێبین رەمزی
Top