هەڵبژاردەی كوردستان دووەم سەركەوتنی تۆماركرد

هەڵبژاردەی كوردستان دووەم سەركەوتنی تۆماركرد
لە چوارچێوەی یارییەكانی دووەمین پاڵەوانێتی كۆنیفا 2016 لە هەرێمی ئەبخازیا، هەڵبژاردەی كوردستان ئەمرۆ سەركەوتنێكی گەورەی تۆماركرد و بە ئەنجامی (3-0)گۆڵ لە هەڵبژاردەی كۆریای یەكگرتووی بردەوە و پلەی یەكەمی كۆمەڵەكەی مسۆگەر كرد.
لە گێمی یەكەمی یارییەكە هەڵبژاردەی كوردستان ئاستێكی بەرزی پێشكەش كرد و توانی دوو گۆڵ لە رێگەی یاریزانان دیار رەحمان و میران خەسرەو بە لێدانی سزا تۆمار كرد و چەندین هەلی ئاسانی گۆڵتۆماركردنی لە دەستدا، لە بەرانبەردا هەڵبژاردەی كۆریای یەكگرتوو لەم گێمە هیچ مەترسییەكی لەسەر گۆڵی سەرهەنگ موحسین نەبوو.
لە گێمی دووەمی یارییەكەدا راهێنەری هەڵبژاردەی كوردستان چەند گۆرانكارییەكی لە پێكهاتەی تیپەكەی كرد بۆ ئەوەی هەل بداتە چەند یاریزانێكی تر، لەم گێمەدا هەڵبژاردەی كوردستان لە ئاستە بەرزەكەی بەردەوام بوو و یاریزان هونەر ئەحمەد توانی گۆڵی سێیەم تۆمار بكات.
لەم گێمە یاریزانی هەڵبژاردەی كوردستان رێكار هاشم لەگەڵ هاتنەنێو یاریگا بە 3 خولەك بەهۆی پێكان یاریگای جێهێشت.
بەم ئەنجامە هەڵبژاردەی كوردستان كۆی خاڵەكان بۆ 6 خاڵ بەرزكردووە و لە پێشەنگی كۆمەڵەی دووەم دێت و شانبەشانی هەڵبژاردەی كۆریای یەكگرتوو سەركەوتن بۆ قۆناغی هەشتم، لە یارییەكی تردا هەڵبژاردەی باكووری قوبرس سەركەوتنێكی گەورەی تۆماركرد و بە ئەنجامی (7-0)گۆڵ لە هەڵبژاردەی ریتیای بردەوە، بەم ئەنجامە هەڵبژاردەی باكووری قوبرس و پادانیا سەركەوتن بۆ قۆناغی هەشتەم، لە كۆمەڵەی چوارمدا هەڵبژاردەی پەنجاب بە ئەنجامی (5-0)گۆڵ لە هەڵبژاردەی سۆمیلاندی بردەوە، بەم ئەنجامە هەردوو هەڵبژاردەی پەنجاب و ساپمی سەركەوتن بۆ قۆناغی هەشتەم.
خشتەی یارییەكانی قۆناغی هەشتەم بەمشێوەیە:
رۆژی چوارشەممە
كۆریای یەكگرتوو - باكووری قوبرس كاتژمێر 3ی ئێوارە بەكاتی كوردستان
ساپمی - یەكەمی كۆمەڵەی یەكەم كاتژمێر 8ی ئێوارە بە كاتی كوردستان
رۆژی پێنجشەممە
كوردستان - پادانیا كاتژمێر 3ی ئێوارە بەكاتی كوردستان
پەنجاب - دووەمی كۆمەڵەی یەكەم كاتژمێر 8ی ئێوارە بە كاتی كوردستان
رێبین رەمزی
Top