هەڵبژاردەی كوردستان سەركەوت بۆ قۆناغی هەشت

هەڵبژاردەی كوردستان سەركەوت بۆ قۆناغی هەشت
لە دووەمین رۆژی پاڵەوانێتی كۆنیفا لە هەرێمی ئەبخازیا رۆژی دووشەممە چوار یاری ئەنجامدرا، كە تیاییدا هەڵبژاردەی كوردستان هەرچەندە یاری نەبوو، بەڵام بەفەرمی سەركەوت بۆ قۆناغی داهاتوو بە سوود وەرگرتن لە ئەنجامی یاری ركابەرەكانی، هەر لە هەمان رۆژدا جگە لە هەڵبژاردەی كوردستان سێ هەڵبژاردەی تر سەركەوتنیان بۆ قۆناغی داهاتوو مسۆگەر كرد.
كۆمەڵەی یەكەم
لەم كۆمەڵەیە بەفەرمی هەردوو هەڵبژاردەی ئەبخازیا و ئەرمینیای رۆژئاوا سەركەوتنیان بۆ قۆناغی داهاتوو مسۆگەر كرد، دوای ئەوەی هەڵبژاردەی ئەرمینیای رۆژئاوا سەركەوتنێكی گەورەی بە دەستهێنا و بە ئەنجامی (21-0) گۆڵ لە دوورگەكانی جاكوس-ی بردەوە، بەم ئەنجامە هەردوو هەڵبژاردەی ئەرمینیای رۆژئاوا و ئەبخازیا بە كۆكردنەوەی سێ خاڵ لە پلەكانی یەكەم و دووەم دێن و هەڵبژاردەی دوورگەكانی جاكوس بە بێ خاڵ لە پلەی سێیەم دێت، وا بریارە رۆژی سێشەممە هەردوو هەڵبژاردەی ئەبخازیا و ئەرمینیای رۆژئاوا یارییەكی یەكلاكەرەوە ئەنجام بدەن بۆ دەستنیشانكردنی پلەی یەكەم و دووەمی كۆمەڵەكە.
كۆمەڵەی دووەم
لەم كۆمەڵەیە هەردوو هەڵبژاردەی كوردستان و كۆریای یەكگرتوو بەفەرمی سەركەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو، دوای رۆژی دووشەممە هەڵبژاردەی كۆریای یەكگرتوو سەركەوتنێكی گرنگی بە دەستهێنا و بە ئەنجامی (1-0) گۆڵ لە هەڵبژاردەی سیزكلاند-ی بردەوە.
وا بریارە رۆژی سێشەممە كاتژمێر 3ی ئێوارە هەردوو هەڵبژاردەی كوردستان و كۆریای یەكگرتوو رووبەرووی یەكتر ببنەوە بۆ دیاریكردنی پاڵەوانی كۆمەڵەكە.
كۆمەڵەی سێیەم
لەم كۆمەڵەیە ركابەرییەكی بەهێز هەیە لە نێوان هەر سێ هەڵبژاردە بۆ بەدەستهێنانی پلەكانی یەكەم و دووەم، دوای ئەوەی هەڵبژاردەی پادانیا لە یەكەم یاری خۆی تووشی دۆرانێكی چاوەروانەكراو هات بەرانبەر هەڵبژاردەی قوبرسی باكوور بە ئەنجامی (2-1)گۆڵ، رۆژی دووشەممە هەڵبژاردەی پادانیا سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد و بەئەنجامی (6-0) گۆڵ لە هەڵبژاردەی ریتیا-ی بردەوە، بەم ئەنجامە هەڵبژاردەی پادانیا هیوای سەركەوتنی بۆ قۆناغی داهاتوو بۆ گەرایەوە و چاوەروانی ئەنجامی یارییەكی گرنگ لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی (قوبرسی رۆژئاوا و ریتیا) دەكات بۆ دەستنیشانكردنی هەردوو هەڵبژاردەی سەركەوتوو بۆ قۆناغی داهاتوو.
كۆمەڵەی چوارەم
لەم كۆمەڵەیە هەر سێ هەڵبژاردە هیوای سەركەوتنی هەیە، دوای ئەوەی هەڵبژاردەی پەنجاب سەركەوتنێكی گرنگی بە دەستهێنا و بە ئەنجامی (1-0) گۆڵ لە هەڵبژاردەی ساپمی بردەوە، وا بریارە رۆژی سێشەممە هەردوو هەڵبژاردەی پەنجاب و سومیلاند رووبەرووی یەكترببنەوە بۆ دەستنیشانكردنی ئەو دوو هەڵبژاردەی، كە سەركەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو.
ریزبەندی كۆمەڵەكان بەمشێوەیە:
كۆمەڵەی یەكەم
1- هەڵبژاردەی ئەرمینیای رۆژئاوا 3 خاڵ لە یەك یاری
2- هەڵبژاردەی ئەبخازیا 3 خاڵ لە یەك یاری
3- هەڵبژاردەی دوورگەكانی جاكوس سفر خاڵ لە دوو یاری
كۆمەڵەی دووەم
1- هەڵبژاردەی كوردستان 3 خاڵ لە یەك یاری
2- هەڵبژاردەی كۆریای یەكگرتوو 3 خاڵ لە یەك یاری
3- هەڵبژاردەی سیزكلاند سفر خاڵ لە دوو یاری
كۆمەڵەی سێیەم
1- هەڵبژاردەی قوبرسی رۆژئاوا 3 خاڵ لە یەك یاری
2- هەڵبژاردەی پادانیا 3 خاڵ لە دوو یاری
3- هەڵبژاردەی ریتیا سفر خاڵ لە یەك یاری
كۆمەڵەی چوارەم
1- هەڵبژاردەی پەنجاب 3 خاڵ لە یەك یاری
2- هەڵبژاردەی ساپمی 3 خاڵ لە دوو یاری
3- هەڵبژاردەی سومیلاند سفر خاڵ لە یەك یاری.
رێبین رەمزی
Top