دوو یاریزانی كورد بەشداری لە پاڵەوانێتی ئاسیا دەكەن

دوو یاریزانی كورد بەشداری لە پاڵەوانێتی ئاسیا دەكەن
وا بریارە ئەمرۆ چوارشەممە لە رێگەی فرۆكەخانەی بەغداد-ی نێودەوڵەتی شاندی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بۆ گۆرەپان و مەیدان بچێتە ولاتی ڤێتنام بەمەبەستی بەشداریكردن لە پاڵەوانێتی لاوانی ئاسیا، كە لە رۆژی 3ی مانگی داهاتوو دەست پێ دەكات و پێش پاڵەوانێتیەكە ئۆردوگایەكی مەشقی لە ڤێتنام بۆ ماوەی 10 رۆژ ئەنجام دەدەن.
لەم هەڵبژاردەیە دوو یاریزانی كورد بەشداری تیاییدا دەكەن و چاوەروانی ئەنجامی باشیا لێ دەكرێت.
كچە یاریزانی یانەی هەولێر لە بازی بەرز مەریم عەبدولحەمید تاكە كچە یاریزانە، كە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لەم پاڵەوانێتیە بەشداری دەكات، هەرچەندە تەمەنی لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووانە، بەڵام بەهۆی لێهاتوویی و ئاست بەرزی بریاریان دا لەسەر ئاستی لاوان بەشداری بكات، لە ماوەی یەك مانگی رابردوو مەریم بەشداری لە دوو پاڵەوانێتی كرد، لە پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا لە بەحرێن توانی پلەی دووەم بە دەستبهێنێت و لە پاڵەوانێتی ولاتانی عەرەبی لە جەزائیر توانی پلەی یەكەم ملوانكەی زێر بە دەستبهێنێت، چاوەروان دەكرێت مەریم لەم پاڵەوانێتیە بتوانێت ژمارەی پێوانەیی عێراق بشكێنێت (168)سم، كە ژمارەی تایبەتی خۆی (165)سم-ە.
لەسەر ئاستی كوران كور یاریزانی باژێری زاخۆ یونس موحسین لە هاوێشتنی رم بەشداری لەم پاڵەوانێتیە دەكات، یونس پاڵەوانی عێراق و كوردستانە و هەروەها لە پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا ملوانكەی زێری بە دەستهێنا و لە پاڵەوانێتی عەرەبی پلەی دووەمی بە دەستهێنا، چاوەروان دەكرێت ئەم یاریزانە لەم پاڵەوانێتیە ئەنجامێكی باش بە دەستبهێنێت.
رێبین رەمزی
Top