ئەگەر ھاوکاریمان بکرێت دەتوانین قوتابخانەی پێگەیاندن بۆ ئەم یارییە بکەینەوە

ئەگەر ھاوکاریمان بکرێت دەتوانین قوتابخانەی پێگەیاندن بۆ ئەم یارییە بکەینەوە
تاریق شێخ فاروق پاڵەوانی کیک بۆکسێنگی جیھانی
ئەگەر ھاوکاریمان بکرێت دەتوانین قوتابخانەی پێگەیاندن بۆ ئەم یارییە بکەینەوە
تاریق یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی سەر ئاستی کوردستان و ئەوروپایە لە یاری کیک بۆکسینک ئەو ماوەیەکی زۆرە لە ناو یاری کیک بۆکسینگە لە چەندین پاڵەوانێتیی بەشداری کردوە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و دەرەوە پاڵەوانی جیھانییە ، ناوبراو لە دایک بووی ساڵی ١٩٨٢ی پارێزگای ھەڵەبجەیە پێشووتریش بۆ ھەریەک لە یانەکانی پەیام و ئاشتی و نەورۆز یاری کردوە پاڵەوانی کوردستان و عێراق و جیھانییە لە ساڵی ٢٠١٣ خاوەن پشتێنەی ڕەشی ٥دانەیەی جیھانییە و پێشمەرگەی خۆش بەخشیش بووە بۆماوەیەکی زۆر لە شەڕەکانی دژ بە تیرۆرستانی داعش لە میحوەری خازر ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە : کارزان کانەبی
* لە ئێستادا ئاستی یاری کیک بۆگسینگ چۆن دەبینی؟
- ئاستی ئەم یارییە خراپ نییە ، بەڵام ئەگەر ھەوڵی جدی لەگەڵ یاریزانان بدرێت ئاستی ئەم یارییە زۆر باشتر دەبێت لە ئێستا.
* گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
-گرفتی ئەم یارییە وەکو سەرجەم یارییە تاکەکانی تر پشت گوێ خراوە خول و پاڵەوانێتیی کەم دەکرێتەوە بۆ یاریزانان ، خولی بەھێز کردن ھەیە ئەمانە ھەمووی گرفتن بۆ یارییە بۆ ئەوەی نەتوانێ پێش بکەوێت لە کوردستان.
* چی بکرێـت باشە بۆ بەرەووپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە؟
-باوەڕم وایە کە دەبێت ئەم جۆرە یارییانە بکرێنەوە رێکخراوەکان و دەزگاکان سەربەخۆ بکرێت ئەم یەکێتیە وەرزشییانە ھیچی نەمینێت بکرێتە کەرتی تایبەت ئەوکات ڕەنگە بتواندرێت ئاستی لە چاو ئاستی ئێستادا بگۆرێت ئەم تاقیکردنەوەیەش لە ئەوروپا ببینە کە چەند سەرکەوتووبووە.
* بۆچی لە ھیچ یانەیەک یاری ناکەی ؟
-باوەڕم واییە یانەکان زۆریان سەربارن ھەر نەبوونیان باشترە ، تەنیا شتێکی وەھمین ببینە چەندین ساڵە ئەم یانانە ھەریەک لە ژێر ئاڵای حزبێک پارە دەخۆن و کەسیشیان لە ئاست یانەیەکی پلە ٣ی وڵاتە عەربیەکان نین ، ئەی بۆ سەیری سەرۆک یانەکان ناکەیت تیاندایە ھی وایان ھەیە ١٠٠لێدانی سزا لێبدات گۆلێک ناکات ، ھی واش ھەیە ناتوانێت تیروپشکێکی ١٣ یانەی ڕابکێشی بۆیە بڕیارم داوە بۆ ھیچ یانەیەک یاری نەکات.
* لە خولەکانی ئەوروپا زۆر جار ئێوە بەشداردەبن لە ئیسپانیا و ئەڵمانیا دەلێن لەسەر گیرفانی خۆتانە تا چەند ڕاستە؟
- زۆریش ڕاستە لەسەر گیرفانی خۆم بەشداری دەکەم و زۆریش بێ منەتم، ئەو دەستکەوتانەی ئێمەش ھێناوەمانە لە ئێستاوە بڕۆین لە ماڵەوە بخەوین ، خەڵکی تر بە دە ساڵی تریش بەخەو نابینێت ئێمە وەرزش کارین ، دواجار ئەوەی قلان و فیسار پارەی دەدەنی دوای کە بڕا ئەویش وەک بەفر دەتوێتەوە بۆیە باشترە بێمنەتانە وەرزشی خۆت بکەیت.
*کێشەو گرفتان چییە وەکو یاریزانان کە ئێوە بەشدارن لە زۆرلە پاڵەوانیتیەکان ؟
- ھیچ جۆرە کێشەیەکمان نییە و زۆر باشین و بێ کێشەین ھەم یاری خۆمان دەکەین و ھەمیش سەفەرێکی ئەوروپاش خراپ نییە بەدەم گاڵتە و پێکەنینەوە چەند رۆژێک دەبەینە سەرو دەگەرێنەوە لە پاڵەوانیتیەکان.
*کێ ھاوکاریتان دەکات؟
-بەرنامەی باشمان ھەیە بەڵام جاری دوای چاڵاکی باسی دەکەین کە کردمان قسەی لەسەر دەکەین و کەس ھاوکاری ئێمە نییە بۆ بەرنامەکانمان.

*خەڵکی شاری ھەڵەبجەی بۆچی وەرزش لە شارەکەی خۆت ناکەی؟
-پاڵەوانی جیھانم ئەوەش دوا خەونم بوو ئێستاش تەنیا بۆ خۆشی خەریکی ئەم یارییەم خالێکی تریش ئەگەر ئێمە نەبین ھەندێ دێنە پێشەوە فریان بەم یارییەوە نییە بۆ جاری ئێمە لە گۆڕەپانەکەین دەست خۆشی لە ھەر کەسێک دەکەین کاری باش و جوان بکات، بۆی شارەکەی خۆشم ھەر کاتێک پێویستیان بە من بێت من ئامادەم خزمەتی شارەکەم بکەم.
* بەرنامەتان چیە وەکو یاریزان؟
- ھەروەھا دانانیشم بەڵام ھەندێک کار کاتی خۆی دەوێت، ئێمەش بەرنامەی تایبەتی خۆمان ھەیە بۆ زیاتر خزمەت کردنی ئەم یارییە لە کوردستان.
*ھیواو ئاواتت لەم یارییە؟
- بەھیوای ئەوەم زیاتر بتوانم بەشداری لە پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتیەکان بکەم و ئاستی شایستە تر پێشکەش بکەین.
*بڕیاری ئەوەت نەداوە قوتابخانەیەکی پێگەیاندنی یاریزانان بکەیتەوە؟
-تاکو ئێستا ئەم ھەڵەمان بۆ نەڕخساوە ، بەڵام ئەگەر ھاوکاریمان بکرێت دەتوانین قوتابخانەی پێگەیاندن بۆ ئەم یارییە بکەینەوە و ئەنجامی باشیش بەدەست بھێنین بۆ دوارۆژی کوردستان.
*چی بە بەرپرسانی وەرزشی دەلێ؟
- باوەر بکە کەسیان ناناسم تاھیچیان پێ بلێم ، بەڵام باوەڕم وایە ھەندێ کەس لە حیزبەکان بۆ ئەوەی جێگیان بکرێتەوە لە شوێنێک دەیان خەنە ناو وەرزش ھەروەک ئەوەی بلێن لە شوێنێک کار بکات.
* چیت ماوە لە کۆتایی؟
-زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەکەم کە ئەوان ھەردەم پێشەنگ بووینە لە خزمەتکردنی وەرزشکاران ھیوادارم زیاتر ئاستی ئەم یارییە لە کوردستان بەرەووپێش بچێت.
Top