یاریزانێكی یانەی هەولێر دەچێتە خولی ئێتاڵیا

یاریزانێكی یانەی هەولێر دەچێتە خولی ئێتاڵیا
وا بریارە لەم چەند رۆژدا یاریزانی یانەی هەولێر ئەحمەد سەرتیپ بەرەو وڵاتی ئیتاڵیا بەرێبكەوێت بەمەبەستی ئەنجامدانی تاقیكردنەوە لە لایەن یانەی كرۆتۆنی.
یانەی كرۆتۆنی لە ساڵی 1923 دامەزراوە لە وەرزی ئەمساڵدا بۆ یەكەم جار لە مێژووی خۆیدا سەركەوت بۆ خولی پلە نایابەكانی ئیتاڵیا دوای ئەوەی لە خولی پلە دووەكان پلەی دووەمی ریزبەندی بە دەستهێنا.
ئەحمەد سەرتیپ یاریزانی هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق و یانەی هەولێر بەشداری لە یارییەكانی خولی عێراق و كوردستان كرد و تەمەنی 17 ساڵە، دوای بەشداریكردنی لە یارییەكانی خولی عێراق بووە بچووكترین یاریزانی بەشداربوو لەم خولە، كە تەمەنی تەنیا 16 ساڵ و چەند مانگێگ بوو.
یانەی كرۆتۆنی رەزامەندی داوە ئەحمەد سەرتیپ ناسراو بە (لولو) تاقیبكاتەوە دواتر بریار لەسەر مۆركردنی گرێبەست لەگەڵی بدات و لە چ تیپێك یاری دەكات.
جێگەی باسە یانەی هەولێر تەنیا رەزامەندی داوە، كە نابراو بەمەبەستی تاقیكردنەوە پەیوەندی بەم تیپە بكات.
رێبین رەمزی
Top