گۆرانكارییەكان لە یاساكانی تایبەت بە جێبەجێكردنی لێدانی سزا

گۆرانكارییەكان لە یاساكانی تایبەت بە جێبەجێكردنی لێدانی سزا
وا بریارە لە 1ی مانگی داهاتوو گۆرانكارییەكانی تایبەت بە یاساكانی تۆپی پێی جێبەجی بكرێت، كە چەندین برگەی تایبەت بە یاسایی تۆپی پێی گۆرانكاری تیاییدا ئەنجام دراوە.
رۆژی یەكشەممە باسی چەند گۆرانكارییەكی تایبەت لە یاساكانی ئۆفساید-مان كرد، ئەمرۆش باسی گۆرانكارییەكان یاخود هەمواركردنەوەی یاساكانی چۆنیەتی جێبەجیكردنی لێدانی سزا دەكەین، كە بەمشێوەیە.
- ئەگەر یارییەكە تەواو بوو و گەیشتە لێدانە یەكلاكەرەوەی سزا، ئەوە راهێنەر دەتوانێت لە كاتی جێبەجیكردنی لێدانە سزایەكان گۆرانكاری لە گۆڵپارێز بكات، بەمەرجێك بە پێی یاسا مافی ئەنجامدانی گۆرانكاری هەبێت.
- راهێنەر مافی هەیە لە كاتی گەیشتنی یاری بۆ لێدانی یەكلاكەرەوەی سزا، یاریزانی یەدەگ بنووسێت بۆ جیێبەجیكردنی لێدانەكانی سزا، ومەرجیش نییە پێش دەستپێكردنی لێدانی سزا لیستی یاریزانان بداتە ناوبژیوان.
- پێش دەستپێكردنی لێدانی سزا، ناوبژیوان تیروپشك دەكات بەمەبەستی دەستنیشانكردنی ئەو تیپەی، كە یەكەمجار لێدانە سزایەكان جێبەجی دەكات و هەروەها دەستنیشانكردنی شوێنی جێبەجێكردنی لێدانە سزایەكان، واتا تیپەكە شوێنەكە دەستنیشان دەكات.
- لە كاتی جیبەجێكردنی لێدانی سزا، ئەگەر یاریزانی ژمارە یەك پاسی دا یاریزانی ژمارە دوو بۆ گۆڵ تۆماركردن، ئەوە گۆڵەكە رەتدەكرێتەوە و كارتی زەرد دەدرێتە یاریزانی ژمارە یەك و دەبێتە فاوڵێكی ناراستەوخۆ بۆ تیپی بەرانبەر.
- لە كاتی جێبەجێكردنی لێدانی سزا یاریزان لەسەر تۆپەكە راوەستا و بە لەشی جولەی كرد پاشان لێدانەكەی جێبەجێكرد، ئەوە ناوبژیوان راستەوخۆ یارییەكە رادەگرێت و فاوڵێكی ناراستەوخۆ بۆ تیپی بەرانبەر هەژمار دەكات و كارتێكی زەرد دەداتە یاریزانەكە.
- پێش جێبەجێكردنی لێدانی سزا گۆڵپارێز لە شوێنی خۆی جولەی كرد و هاتە پێش، ئەگەر تۆپەكە گۆڵ بوو ئەوە گۆڵەكە هەژمار دەكرێت و ئەگەر لێدانە سزایەكە نەبووە گۆڵ، ئەوە ناوبژیوانی یارییەكە لێدانە سزایەكە دووبارە دەكاتەوە و كارتێكی زەرد دەداتە گۆڵپارێز.
رۆژی سێشەممە بەشی سێیەمەی گۆرانكارییەكان یاخود هەمواركردنەوەی یاساكانی تۆپی پێی باس دەكەین.
رێبین رەمزی
Top