دوو پاڵەوانێتی دواخرا

دوو پاڵەوانێتی دواخرا
دوای ئەوەی لێژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی كوردستان بەهۆی كۆچی دوایكردنی هەر سێ كەسایەتی دیاری وەرزشی كوردستان سەڵاح محەمەد كەریم و د.عاصی فاتح وەیس و ئاسۆ دەرویش بریاری راگرتنی چاڵاكییەكانی وەرزشی كوردستان-ی بۆ ماوەی یەك هەفتەی دا.
كەچی وا بریار بوو رۆژی پێنجشەممە دوو پاڵەوانێتی ئەندام بدرێت.
وا بریار بوو رۆژی پێنجشەممە یاری كۆتایی پاڵەوانێتی بلیارد و سنۆكری كوردستان ئەنجام بدرێت لە شاری هەولێر، كەچی لە دوا ساتەكان و لە شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە یارییەكە بۆ كاتێكی تر دواخرا، و هەروەها وا بریار بوو رۆژی پێنجشەممە یەكێتی تێنسی سەرمێزی لقی هەولێر بە سپۆنسەری كۆمپانیای سمایلاند لە تابلۆ مۆڵ پاڵەوانێتیەك بۆ یانەكانی شاری هەولێر بۆ یاری تێنسی سەرمێز ئەنجام بدات، هەرچەندە بۆ كردنەوەی پاڵەوانێتیەكە هەموو ئامادەكارییەكان تەواوكرابوو و زۆربەی میوانەكان بانگهێشتی كردنەوەی پاڵەوانێتیەكە كرابوون، كەچی لە شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە پاڵەوانێتیەكە بۆ كاتێكی تر دواخرا.
لەمباریەوە سەید قەلندەر لە یەكێتی تێنسی سەرمێزی كوردستان سەبارەت بەم بابەتە لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ماڵپەری گوڵان گوتی: وەكو یەكێتی تێنسی سەرمێزی كوردستان ئێمە پابەندی بریاری مەكتەبی تەنفیزی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان-ین بە راگرتنی سەرجەم چاڵاكییەكانی وەرزشی لە كوردستان بۆ هۆی كۆچی دوایی كردنی ئەم سێ كەسایتیە وەرزشیە، و ئێمە ئاگاداری ئەم پاڵەوانێتیە نەبووین، بۆیە بەفەرمی پەیوەندیمان بە یەكێتی تێنسی سەرمێزی لقی هەولێر و یاریزانەكان كرد، كە بەهیچ شێوەیەك نابێت ئەم پاڵەوانێتیە ئەنجام بدرێت و هەر كەسێك بە پێچەوانەوەی بریاری ئێمە بەشداری بكات ئەوە تووشی سزا دەبێت.
هەرلەمباریەوە سەرپەرشتیارانی خولی تێنسی سەرمێز سەبارەت بە دواخستنەكە لە لێدوانێكی تایبەتدا گوتیان: ئێمە ئاگاداری ئەم بریاری لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان نەبووین، و هەموو ئامادەكارێكمان بۆ ئەنجامدانی پاڵەوانێتیەكە تەواو كردبوو، كەچی درنگانی شەو یەكێتی تێنسی سەرمێزی كوردستان و لقی هەولێر پەیوەندیان پێوە كردین، كە داوایان لێكردین، كە پاڵەوانێتیەكە دوابخرێت، ئێمەش پابەندی ئەم بریارە بووین.
دواتر د.ئالان قادر ئەمینداری گشتی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان سەبارەت بە بەرێوەچوونی ئەم دوو پاڵەوانێتیە لە كاتێك، كە گشت چاڵاكییەكان راگیرابوو لە لێدوانێكی تایبەتدا گوتی: وەكو لێژنەی ئۆڵۆمپی رۆژی پێنجشەممە نووسراوی فەرمی ئاراستەی سەرجەم یەكێتیە وەرزشیەكانی كوردستان دەكەین، كە چاڵاكییە وەرزشیەكان بۆ ماوەی یەك هەفتە رادەگیرێت و ئەم دوو یەكێتیە رەنگە ئاگاداری ئەم بریارە نەبن یاخود بەفەرمی نووسراویان بە دەستنەگەیشتووە، بەخۆشحاڵیەوە كاتێك پەیوەندیمان پێوە كردن و باروودۆخەكەمان بۆ روونكردنەوە راستەوخۆ پاڵەوانێتیەكان بۆ كاتێكی تر دواخست، ئەگەر هەر یەكێتیەك یاخود لقەكان پابەندی بریارەكە نەبێت، ئەوە لە كاتی خۆی بریاری گۆنجاویان لەسەر دەدەین.
رێبین رەمزی
Top