رۆژگار زرار دێتەوە کوردستان
رۆژگار زرار یەکێک لە ھێرشبەرە بەتواناکانی وڵاتـی نەمسایە یاریزانی ناوبراو ماوەیەکی زۆرە لە ئەورپا ژیان بەسەر دەبات لەگەڵ خانەوادەکەی لە ئێستاشدا رۆژگار لە خولی یانە پلە سێ یەکانی وڵاتی نەمسا لەگەڵ یانەی (Favac)یاری دەکات و توانیویەتی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا سەڕەنجی زۆر یانەی تری وڵاتانی ئەوروپا بۆ خۆی ڕابکێشێت ، جگە لەوەش رۆژگار بەنیازە بێتەوە کوردستان بۆ ئەوەی خزمەت بە وەرزشی کوردستان بکات، لەم بارەشەوە لە وڵاتـی نەمسا رۆژگار زرار بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" من تاکو ئێستا پەیوەستم بەم گرێبەستەی لەگەڵ یانەی (Favac) مۆرم کردوە و خزمەتی ئەو یانەیە دەکەم لە خولی پلە سێ یەکانی وڵاتی نەمسا ، بەڵام چەندین گرێبەستم بۆ ھاتووە لەلایەن یانەکانی تر جگە لە ئەوروپا لە کوردستانیش گرێبەستم بۆ ھاتووە بەڵام من جارێک نامەوێت ھیچ گرێبەست ئاشکرا بکەم و ناوی ئەو یانانە ئاشکرا بکەم کە پەیوەندیان بە من کردوە ، بۆیە لە ماوەی دە رۆژی داھاتوو دەگەرێمەوە کوردستان بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ ئەو یانانە بکەم کە پەیوەندیان پێوە کردوم بۆ یاری کردن لە ریزی یانەکانیان سەیری بارودۆخەکەش دەکەم ، ئەگەر گرێبەستەکەم باش بێت ئەوا لەگەڵ یانەکانی کوردستان رێک دەکەوم ، حەزیش دەکەم خزمەتی وەرزشی کوردستان بکەم چونکە خۆم کوردم و دەمەوێ ھەرچی ھەبێت لە پێناو کوردستان ئەنجامی بدەم.
