سەرۆكی یانەی هەولێر خەڵات كرا

سەرۆكی یانەی هەولێر خەڵات كرا
سەرۆكی یانەی هەولێر د.عەبدوڵڵا مەجید بەباشترین سەرۆك یانەكانی عێراق دەستنیشانكرا دوای ئەو دەستكەوتە گەورانی، كە بۆ یانەی هەولێری بەدەستهێنا لە خولی عێراق و پاڵەوانێتی ئاسیا.
ماڵپەری (العالم)، كە ماڵپەرێكی تایبەتمەند بە بواری وەرزش و بارەگای لە ئوردنە خەڵاتی باشترین سەرۆك یانە لەسەر ئاستی عێراق بەخشیە سەرۆكی یانەی هەولێر د.عەبدوڵڵا مەجید، بەهۆی ئەو دەستكەوتە گەورەكانی یانەی هەولێر لەسەر ئاستی عێراق و ئاسیا لە یاری تۆپی پێی و هەروەها گشت یارییەكانی تر وەكو پایسكلسواری و گۆرەپان و مەیدان و بالە و تۆپی دەست و بەرزكردنەوەی قورسایی.
هەروەها بە پێی ماڵپەرەكە، هۆكاری دەستنیشانكردنەكەش جگە لە دەستكەوتەكان بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، كە یانەی هەولێر لەم دوو ساڵەی رابردوو بەتەواوی پشتی بەخۆی بەستەوە لە بەرێوەبردنی یانەكە بۆ دابینكردنی خەرجیەكانی تیپەكانی بەشداربوو لە چاڵاكییە جیاوازەكان لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان و بە دەستهێنانی دەستكەوت لە بوارە جیاوازەكاندا.
جێگەی باسە یانەی هەولێر بەسەرۆكایەتی د.عەبدوڵڵا مەجید و ئەندامانی دەستەی كارگێری یانەكە توانیان لەم چەند ساڵەی رابردوودا دەستكەوتی گەورە بە دەستبهێنن بەتایبەتی لە بواری تۆپی پێدا، كاتێك چوار جار بووە پاڵەوانی خولی عێراق و سێ جار پاڵەوانی خولی كوردستان و دوو جار پلەی دووەمی جامی یەكێتی ئاسیا-ی بە دەستهێنا لەگەڵ چەندین دەستكەوتی تر لە یارییە جیاوازەكاندا.
رێبین رەمزی
Top