بەفەرمی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا بریاری دا... عێراق لە یاریگاكانی ئێران یاری دەكات

بەفەرمی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا بریاری دا... عێراق لە یاریگاكانی ئێران یاری دەكات
بەفەرمی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا بریاری دا هەڵبژاردەی عێراق یارییەكانی لە ركابەرییەكانی قۆناغی سێیەم و كۆتایی یارییەكانی پاڵاوتن بۆ جامی جیهانی 2018ی وڵاتی رووسیا لە ئێران ئەنجام بدات.
عەبدولخالق مەسعود لەكاتی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی سەرۆكی یەكێتیەكانی تۆپی پێی كەنداو لە دوحەی پایتەختی قەتەر، كۆبوونەوەیەكی گرنگی لەگەڵ سعود مەهندی سەرۆكی لێژنەی پێشبركێیەكانی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا ئەنجامدا و دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە بەفەرمی ئەم بریارە درا، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا سعود مەهندی گوتی: دوای وەرگرتنی بیروبۆچوونی هەڵبژاردەكانی كۆمەڵەی عێراق، بەفەرمی هەر چوار هەڵبژاردەی (ژاپۆن، ئوستراڵیا، ئیمارات، تایلاند) رەزامەندی خۆیان نیشاندا لە ئێران یاری بكەن، تەنیا هەڵبژاردەی سعودیە رەتیكردووە، بۆیە ئەم بابەتە بۆ یەكێتی تۆپی پێی جیهانی بەرز دەكرێتەوە تاوەكو بریاری كۆتایی و یەكلاكەرەوەی خۆی لەسەر ئەم بابەتە بدات.
عەبدولخالق مەسعود لەمباریەوە گوتی: خۆشحاڵین، كە یارییەكانی هەڵبژاردەی عێراق لە ئێران ئەنجام دەدرێت، ئێمە كۆبوونەوەیەكی درێژخاینمان لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی سعودیە ئەحمەد عەید لە دوحە ئەنجامدا، بەڵام كۆبوونەوەكە بێ ئەنجام بوو، بۆیە سعودیە لە ئێران یاری ناكات و ئێمەش لە سعودیە یاری ناكەین و ئێستا چاوەروانی یەكێتی تۆپی پێی جیهانین بۆ ئەوەی بریاری كۆتایی خۆی بدات، ئەگەر هاتوو بریارەكە لە بەرژەوەندی ئێمە نەبوو، ئەوە بەفەرمی داوای یاسایی لە دادگای وەرزشی (كاس) پێشكەش دەكەین.
جێگەی باسە هەڵبژاردەی عێراق لە كۆمەڵەی یەكەمی یارییەكانی پاڵاوتن یاری دەكات شانبەشانی هەڵبژاردەكانی (ژاپۆن، ئوستراڵیا، ئیمارات، سعودیە، تایلاند).
رێبین رەمزی
Top