حەفت یاریزانی ئەكادیمیای یانەی هەولێر بانگهێشتی هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق كران

حەفت یاریزانی ئەكادیمیای یانەی هەولێر بانگهێشتی هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق كران
لە چەند رۆژی رابردوو راهێنەری هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق لە شاری هەولێر بوو بەمەبەستی دەستنیشانكردنی باشترینەكانی كوردستان بۆ هەڵبژاردەكەی، كە ركابەرییەكانی یارییەكانی پاڵاوتن بۆ جامی نەتەوەكانی ئاسیا لە چاوەروانی ئەم هەڵبژاردە دایە.
د.ئەكرەم عەبدولواحید بەرێوەبەری ئەكادیمیای یانەی هەولێر لە لێدوانێكی تایبەتدا گوتی: لەم چەند رۆژدا راهێنەری هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق لە شاری هەولێر و بە وردی لە مەشق و یارییە دۆستانەكانی ئەكادیمیای یانەی هەولێر ئامادەبوو، كە سەرسامی خۆی بەو ئاستە بەرزی یاریزانەكانی ئەم ئەكادیمیا نیشاندا و بەفەرمی بانگهێشتی 7 یاریزانی ئەكادیمیای یانەی هەولێر كرد بۆ ریزی هەڵبژاردەكەی، هەر رۆژی سێشەممە یاریزانەكان بە یاوەری راهێنەری هەڵبژاردەكە لە رێگەی فرۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی بەرەو شاری بەغداد بەرێكەوتن.
لە درێژەی قسەكانیدا د.ئەكرەم گوتی: من تەنیا كارم بۆ ئەكادیمیای هەولێر نەكرد، بەڵكو داوتنامەیەكم ئاراستەی یانەی خاك و یانەی گارە كرد، بۆ ئەوەی دوو یاری دۆستانە لەگەڵ ئەكادیمیای یانەی هەولێر ئەنجام بدەن و بە ئامادەبوونی راهێنەری هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق، خۆشبەختانە لەگەڵ تەواوبوونی یارییەكان شانبەشانی حەفت یاریزانی ئەكادیمیای یانەی هەولێر، راهێنەری هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق بریاری دا دوو یاریزانی یانەی خاك و دوو یاریزانی یانەی گارە بانگهێشتی هەڵبژاردەكە بكە، ئەمەش بووە جێگەی خۆشحاڵی ئێمە، كە 11 یاریزانی كورد بانگهێشتی ئەم هەڵبژاردەیە بكرێت.
جێگەی باسە هەریەكە لە یاریزانەكان ( عەلی سەرحان، ئەحمەد حەسەن، ئەزوەر جەوهەر، ئاكار ئیبراهیم، ئەحمەد رافد، عەبدولباری، ماتیۆس(گۆڵپارێزە)) بانگهێشتی هەڵبژاردەكە كراون و لە ئێستا لە شاری بەغدادن بەمەبەستی ئامادەبوون لە ئۆردوگای مەشقی هەڵبژاردەكە، كە ماوەی 10 رۆژ دەخاینێت.
رێبین رەمزی
Top