یوسف كاكی: بردنەوە تاكە رێگایە بۆ بە دەستهێنانی نازناوەكە

یوسف كاكی: بردنەوە تاكە رێگایە بۆ بە دەستهێنانی نازناوەكە
رۆژی هەینی لە هۆڵی كۆنگرەكانی یانەی هەولێر، كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بە جیا بۆ (سەمیر بابۆ و شوان مامۆ) ڕاهێنەر و كاپتنی یانەی پێشمەرگەی هەولێر و (یوسف كاكێ‌ و دیار ڕەحمان) ڕاهێنەر و كاپتنی یانەی هەولێر ساز كرا، كە بڕیارە سبەی لە یارییەكی چارەنووسساز و لە كۆتا هەفتەی خولی نایابی فاستلینكی كوردستان، لە كاتژمێر 6:30 ـی ئێوارە لە یاریگەی فڕەنسۆ هەریری بە یەك بگەن.
(یوسف كاكێ‌) بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەكان لە بارەی دواین ئامادەكاری تیپەكەی گوتی: ئێمە هەر لە دەستپێكی خولەكە خۆمان بۆ بردنەوەی نازناوەكە ئامادە كردبوو، ئەم یارییەیش وەك یارییەكانی دیكەیە، سەرجەم یاریزانەكانیشم بۆ ئەم یارییە ئامادەن، تەنیا یاریزان (بەڵێن وشیار) بە هۆی پێكانەوە ناتوانێ‌ بەشدار بێ‌، لە رووی یاریكردن لە نێو یاریگا شێوازێكی تری یاریكردن دەبینن و توانیمان لەم چەند رۆژی رابردوو چارەسەری هەڵەكان بكەین و داوا لە جەماوەری خۆشەویستی یانەكەمان دەكەین، كە لە نێو یاریگا ئامادەبن بۆ ئەوەی ببنە پاڵپشتی یانەكەمان، چونكە یاریزانەكان پێویستیان بە پاڵپشتی جەماوەر هەیە.
(دیار ڕەحمان) كاپتنی یانەی هەولێریش گوتی: هەموو یاریزانانی یانەكەمان بۆ بردنەوەی نازناوی سێیەم ئامادەین و هیچ كێشە و گرفتێكمان نییە، پشتیوان بە خوای گەورە و هاندەرە خۆشەویستەكانمان ناسناوەكە دەبەینەوە، زۆر جار قسە و باس لەسەر دەستنیشانكردنی باشترینەكان دەكرێت، بە بۆچوونی خۆم ئەم جۆرە شتانە كاریگەری لەسەر یاریزانەكانی یانەی هەولێر نابێت و هەروەها ئەو یاریزانانەی بە باشترینەكان دەستنیشان كراون شایستەن و یاریزانی ئاست بەرزن.
بۆ زانین، لە یارییەكەی رۆژی شەممە پێشمەرگەی هەولێر بە بردنەوە و یەكسان دەبێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی نایابی فاستلینكی كوردستان، یانەی هەولێریش تەنیا بە بردنەوە دەبێتە خاوەنە نازناوەكە.
رێبین رەمزی
فۆتۆ: محەمەد سەعدوڵڵا
Top