سعودیە داوای لێبوردن لە عێراق دەكات
یەكێتی تۆپی پێی عێراق بەفەرمی بریاری دا یارییەكانی لە یاریگەی پاس لە ئێران ئەنجام بدات، ئەم بریارە كاردانەوەی بە دوای خۆی هێنا و بووە هۆی دروستبونی كێشە لەسەر ئاستی هەردوو یەكێتیەكەدا، تا رادەیەك رۆژنامەنووسەكانی سعودیە لەسەر كەناڵەكە ئاسمانییەكانی ئەم وڵاتە بە تایبەتی كەناڵی (MBC ACTION) هێرشێكی توندیان كردە سەر یەكێتی تۆپی پێی عێراق و خودی كەسایەتی عەبدولخالق مەسعود سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق.
رۆژنامەنووسەكانی سعودیە بە ئاشكرا جنێویان بەسەرۆكی یەكێتی تۆپی عێراق دا و هەروەها یەكێتی تۆپی پێی عێراقیان بە دامەزراوێكی ئێرانی وەسف كرد و تەئكیدیان لەوە كردووە، كە هۆكاری دەستنیشانكردنی ئێران بۆ پاڵەپەستۆی سیاسی دەگرێتەوە و یەكێتی تۆپی پێی عێراق بە بێ رەزامەندی ئێران ناتوانێت هیچ بریارێك بدات.
یەكێتی تۆپی پێی عێراق بەمەبەستی بەدرۆ خستنەوەی ئەم تۆمەتانە نووسراوێكی فەرمیان دەركرد، كە تیاییدا باسی هۆكاری دەستنیشانكردنی ئێران دەكەن و داوایان لە یەكێتی تۆپی پێی سعودیە كرد، كە بەفەرمی بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەم بابەتە روونبكەنەوە، هەروەها رۆژنامەنووسانی وەرزشی عێراق پشتگێری خۆیان بۆ سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق دووپاتكردووە و داوایان لە عەبدولخالق مەسعود كرد داوایەكی یاسایی لەسەر ئەم رۆژنامەنووسانە تۆمار بكات.
بەفەرمی رۆژی یەكشەممە یەكێتی تۆپی پێی سعودیە بێ دەنگی خۆی شكان و لە رێگەی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی سعودیە ئەحمەد عید لە رێگەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بەفەرمی داوای لێبوردنی لە سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق كرد و پێ راگەیاندووە، كە ئەم كارە تاكە لایەنەیە و پەیوەندی بە یەكێتی تۆپی پێی سعودی و خەڵكی وڵاتی سعودیە نییە و هەروەها یەكێتی تۆپی پێی عەرەبی لە رێگەی سەرۆكەكەی ئەمیر تركی بن فەیسەڵ هاتە دەنگ لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق داوای لێبوردنی لەم كارانە كرد و تەئكیدی لەوەكردووە، كە لە دوا رۆژ ئەم جۆرە رەفتارانە دووبارە نابێتەوە و ئەم رۆژنامەنووسانەش تووشی سزای خۆیان دەبن.
وهەروەها بەفەرمی كەناڵی (mbc action) داوای لێبوردنی لە یەكێتی تۆپی پێی عێراق و سەرۆكەكەی كرد.
لە لایەكی ترەوە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان پاڵپشتی خۆی بۆ سەرۆكە كوردەكەی یەكێتی تۆپی پێی عێراق دووپاتكردووە و داوای لە یەكێتی تۆپی پێی سعودیە كرد رێز لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی تۆپی پێی عێراق و خەڵكی عێراق بگرێت و كێشەكان بە رێگەی گفتوگۆ چارەسەر بكرێت.
عەبدولخالق مەسعود سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق لە كاتی ئێستادا لە هەوڵی ئەوە دایە ئەم دۆسیە بباتە دادگایەكانی جیهانی بۆ ئەوەی مافی خۆی وەربگرێتەوە و داوای یاسایی لەسەر رۆژنامەنووسە سعودییەكان بەرزبكاتەوە و لەگەڵ پێشكەش كردنی بەڵگەی ڤیدیویی.
وا بریارە لە 25ی ئەم مانگەدا و لە دوحەی پایتەختی قەتەر، كۆبوونەوەیەكی چاوەروانكراو لە نێوان عەبدولخالق مەسعود سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق و ئەحمەد عید سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی سعودیە ئەنجام بدرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی شوێنی ئەنجامدانی یاری نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و سعودیە، بە پێی سەرچاوەكان عێراق رەزامەندی خۆی نیشانداوە یارییەكەی عێراق و سعودیە لە ئێران ئەنجام نەدرێت، بەمەرجێك یاری سعودیە و عێراق-یش لە سعودیە ئەنجام نەدرێت، رەنگە ئوستراڵیا شوێنی ئەنجامدانی یارییەكە بێت بە رەزامەندی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا.
رێبین رەمزی
