كوردێك بووە پاڵەوانی پاڵەوانێتیكی نێودەوڵەتی لە فەرەنسا
بە بەشداریكردنی 12 وڵات لەسەر ئاستی جیهان و لە كێشی 63كگم یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق و كوری شاری هەولێر مەحمود سەردار توانی پلەی یەكەمی پاڵەوانێتیەكە بە دەستبهێنێت.
لە یاری یەكەم توانی لە یاریزانێكی مەغربی بباتەوە پاشان لە یاری دووەم و سێیەم لە یاریزانانی فەرەنسای بردەوە و لە یاری كۆتایی توانی بە خاڵی زێرین لە یاریزانی ئەرژەنتینی بباتەوە و نازناوی پاڵەوانێتیەكە بە دەستبهێنێت.
لە لێدوانێكی تایبەتدا لە وڵاتی فەرەنسا مەحمود سەردار سەبارەت بەم پاڵەوانێتیە گوتی: ئاستی پاڵەوانێتیەكە سەرووی مامناوەندی بوو، بەڵام گرنگی خۆی هەیە و سوودێكی باشم لێوەرگرتووە و توانیم وەكو تاكە نوێنەری عێراق و كوردستان پلەی یەكەم بە دەستبهێنێم.
جێگەی باسە ماوەیەك پێش ئێستا مەحمود سەردار لە وڵاتی ئەڵمانیا بەشداری لە جامی جیهانی لە یاری تایكواندۆ كرد و توانی لە یەكەم یاری لە پاڵەوانی رووسیا بباتەوە پاشان لە دووەم یاری خۆی بەرانبەر پاڵەوانی ئەوروپا یاریزانێكی یۆنانی بە جیاوازی یەك خاڵ دۆرا نەیتوانی یەكێك لە ملوانكەكانی پاڵەوانێتیەكە بۆ خۆی مسۆگەر بكات.
رێبین رەمزی
