لە چوارچێوەی یارییەكانی چوار گۆشەی زێرینی خولی نایابی فاست لینكی كوردستان، رۆژی شەممە لە یاریگەی پێشمەرگەی هەولێر هەردوو یانەی پێشمەرگەی هەولێر و زاخۆ رووبەرووی یەكتر بوونەوە، لەم یارییەدا هەردوو یانە بە ئەنجامی (1-1) گۆڵ یەكسانبوون، لەم یارییە رووداوێكی نەخوازراو و سەیر روویدا، كە بۆ یەكەم جارە لە وەرزی ئەمساڵ روودەدات، كاتێك یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە دوا ساتەكانی گێمی یەكەم گۆڵی پێشكەوتنی بە لێدانی سزا لە رێگەی یاریزان ئەحمەد سالار تۆماركرد، راهێنەری یانەی زاخۆ هادی ئەحمەد باری تەندروستی تێكچوو، كە بە پێی ووتەكانی پزیشك تووشی جەڵتەی دڵ هاتووە، بەڵام بەهێز نەبووە، راستەوخۆ گەیندرایە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.
لە دوا ساتەكانی یارییەكە لەگەڵ تۆماركردنی زاخۆ گۆڵی یەكسانبوون راهێنەر هادی ئەحمەد دووبارە گەرایەوە نێو یاریگەی پێشمەرگەی هەولێر بۆ ئەوەی لەگەڵ تیپەكەی بێت.
جێگەی باسە ئەم یارییە دواین هەل بوو بۆ راهێنەری یانەی زاخۆ بۆ مانەوەی لە پۆستەكەی، چونكە پێش دەستپێكردنی خولەكە پەیمانی بە دەستهێنانی نازناوی خولی نایابی فاست لینكی كوردستانی دابوو.
رێبین رەمزی