كوردێك بەشداری لە پاڵەوانێیتی جامی جیهانی لە تایكواندۆ دەكات

كوردێك بەشداری لە پاڵەوانێیتی جامی جیهانی لە تایكواندۆ دەكات
وا بریارە لە 7/4/2016 لە شاری بۆن-ی ئەڵمانیا پاڵەوانێتی جامی جیهانی بۆ یاری تایكواندۆ ئەنجامبدرێت بە بەشداریكردنی 80 وڵاتی لەسەر تاسەری جیهان و زیاتر لە 3000 یاریزان و بەسەرپەرشتی یەكێتی تایكواندۆی جیهانی و ئەوروپی، لەم پاڵەوانێتیە كورە كودرێك وەكو تاكە نوێنەری عێراق و كوردستان بەشداری لەم پاڵەوانێتیە دەكات.
مەحمود سەردار دانیشتووی شاری هەولێرە، تاكو یاریزانی كورد و عێراقیە بەشداری لەم پاڵەوانێتیە دەكات، چونكە لە ریزبەندی جیهانی لە پلەی 200ی باشترین یاریزانەكانی جیهان و لە پلەی یەكەمە لەسەر ئاستی عێراق لە كێشی 58كگم.
لە لێدوانێكی تایبەتدا مەحمود سەردار گوتی: هەست بەخۆشیەكی زۆر دەكەم، كە وەكو تاكە نوێنەری عێراق و كوردستان بەشداری لە پاڵەوانێتی جامی جیهانی لە شاری بۆن-ی ئەڵمانیا دەكەم، دوای ئەوەی گشت رێكارە یاساییەكان و كارگێرییەكان كۆتایی هاتووە و لە رۆژی 4/4 لە رێگەی فرۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی بەرەو ئەڵمانیا بەرێدەكەوم.
لە درێژەی قسەكانیدا مەحمود سەردار گوتی: هەرچەندە لەسەرەتا تووشی كێشەی دارایی هاتین، كە بەشداریكردنم لەم پاڵەوانێتیە گرنگە خستە مەترسی، بەڵام خۆشبەختانە كۆمپانیای ئەلوەتەنی بە سوپاسەوە بریاری دا گشت خەرجییەكانی بەشداریكردنم لەم پاڵەوانێتیە بخاتە ئەستۆی خۆی.
سەبارەت بە خۆئامادەكردن مەحمود سەردار گوتی: بە باشی خۆم بۆ ئەم پاڵەوانێیتە ئامادەكردووە و چاوم لە دەستكەوتێكە لە كێشەی 58كگم، چونكە ئەگەر لەم پاڵەوانێتیە بتوانم لە پلەی 1 تا 49 بە دەستبهێنم ئەوە بەشێوەیەكی راستەوخۆ بەشداری لە پاڵەوانێتی جیهان دەكەم، كە لە ساڵی 2017 لە وڵاتی كۆریای باكوور ئەنجام دەدرێت.
لە كۆتایی قسەكانیدا مەحمود سەردار گوتی: لە كێشەی 58كگم زیاتر لە 70 یاریزان بەشداریكردووە بۆیە هەوڵ دەدەم ئەنجامێكی شایستە لەم پاڵەوانێتیە گرنگە بە دەستبهێنم.
جێگەی باسە لەسەر ئاستی جیهان لە یاری تایكواندۆ، دوو گرنكترین پاڵەوانێتی هەیە، كە لە پلەی یەكەم پاڵەوانێتی جیهانە و لە پلەی دووەم پاڵەوانێتی جامی جیهانیە.
بۆیە یەكێتی نێودەوڵەتی بۆ تایكواندۆ بریاری داوە هەر ساڵێك پاڵەوانێتیەك ئەنجام بدرێت.
رێبین رەمزی
Top