سەرۆكی فیفا هاوخەمی خۆی بۆ هاوتا عێراقیەكەی دەربری

سەرۆكی فیفا هاوخەمی خۆی بۆ هاوتا عێراقیەكەی دەربری
تەقینەوەکەی یاریگای ئەسکەندەرییەی پارێزگای بابل، یەكێتی تۆپی پێی جیهانی هێنایە دەنگ و سەرۆکی فیفا پرسەی خۆی بۆ قوربانییانی ئەو کردە تیرۆریستیە دەربڕی.
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، جانی ئینفانتینۆی سویسری سەرۆکی فیفا ڕایگەیاند من بە هەواڵی ئەو کارەساتەی لە یاریگایەکی تۆپی پێ لە عێراق ڕوویدا، تووشی شۆک بووم، بەڕاستی شتێکی ناخۆشە کاتێک خەڵک بۆ سەیر کردنی یاری تۆپی ڕوو لەیاریگا بکەن و لەوێش وەک قوربانی توندی تیژی گیان لەدەست بدەن.
هەر سەبارەت بەم ڕووداوە شێخ سەلمان سەرۆکی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا، لە بەیاننامەیەکدا هاوخەمی خۆی بۆ کەس و کاری ئەو ڕووداوە دەربڕی.
لە لایەكی دیكەوە وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق عەبدولحوسێن عەبتان بەم بۆنەیەوە داوایەكی لە هەردوو یەكێتی تۆپی پێی جیهان و ئاسیا كرد و گوتی: داوا دەكەم وەكو كاردانەوەیەك لەسەر ئەم رووداوە تیرۆیستیە ئابلوقەی یاری نێودەوڵەتیەكان لەسەر عێراق هەڵبوەشێتەوە، تاوەكو جەماوەری وەزرشی لە چێژی یارییەكانی هەڵبژاردە و یانەكان لە پاڵەوانێتیەكان بێبەش نەبن.
لە لایەكی دیكەوە یەكێتی تۆپی پێی عێراق بەفەرمی نووسراوێكی فەرمی ئاراستەی هەردوو یەكێتی تۆپی پێی جیهان و ئاسیا كرد، كە رێگە بە یاریزانەكان بدەن لە یارییە چارەنووسازەكەی بەرانبەر هەڵبژاردەی ڤێتنام لە چوارچێوەی یارییەكانی پاڵاوتن بۆ جامی جیهانی 2018 یاریزانەكان لەزگەی رەش لەسەر قۆڵی درێسەكانیان بدەن، هەر زوو هەردوو یەكێتیەكە وڵامی یەكێتی تۆپی پێی عێراقیان داوە بەفەرمی رەزامەندی خۆیان لەسەر ئەم داواكارییە دەربری و هەروەها بریار درا پێش دەستپێكردنی یارییەكە خولەكێك وەستان بۆ گیانی قوربانیانی ئەم رووداوە تیرۆرستیە بوەستن.
جێگەی باسە لە كاتی بەرێوەچوونی یارییەك لە نێوان دوو تیپی میللی لە یاریگای ئەسكەندەرییەی پارێزگای بابل كردوەیەكی تیرۆرستی ئەنجامدرا، كە بە پێی دواین ئاماری ژمارەی قوربانیانی کردە خۆکوژیەکەی یاریگای بابل لە 30 کەس تێپەڕیوە و ژمارەی بریندارەکانیش بە 95 کەس مەزندە دەکرێت و زۆربەی قوربانیان منداڵ و هەرزەكارن.
رێبین رەمزی
Top