ئەنجامی یارییەكانی خولی نایابی فاست لینكی كوردستان
لە یاریگەی ئارارات، یانەی ئارارات میوانداری یانەی شێروانەی كرد و توانی یارییەكە بە ئەنجامی (2-0) گۆڵ بباتەوە، هەردوو گۆڵی یارییەكە لە رێگەی یاریزان عەلی عەزیز تۆمار كرا.
لە یاریگەی دلال لە زاخۆ هەردوو یانەی هەولێر و زاخۆ رووبەرووی یەكتربوونەوە، لەم یارییەدا هەردوو یانە پاش پێشكەشكردنی ئاستێكی بەرز یارییەكە بە یەكسانبوونی هەردوو یانە بە (2-2) گۆڵ تەواو بوو، گۆڵەكانی زاخۆ لە رێگەی یاریزانان ( نێچیرڤان ئیسماعیل و ئەریان مستەفا) تۆمار كرد و هەردوو گۆڵی هەولێر لە رێگەی یاریزانان ( ئیڤان خالید و فەرحان شكور) تۆماری كرد، بەم ئەنجامە هەولێر هەر لە پێشەنگ مایەوە و تەنیا پێویستی بە یەك خاڵ هەیە بۆ ئەوەی سەركەوێت بۆ قۆناغی داهاتوو.
لە شاری كەركووك هەردوو یانەی كەركووك و هەندرێن رووبەرووی یەكتربوونەوە، لەم یارییەدا یانەی كەركووك سەركەوتنێكی گرنگی بە دەستهێنا كاتی بە ئەنجامی (2-0) یارییەكە بردەوە، گۆڵەكانی كەركووك لە رێگەی یاریزانان ( عەلی حوسێن و ئەلیاس نورەدین) تۆماركرا، لەم یارییە یاریزان محەمەد خالید جەفال لێدانی سزای بۆ یانەی هەندرێن لە دەستدا.
دوای تەواوبوونی یارییەكانی ئەم هەفتەی خولەكە ریزبەندیەكە بەمشێوەیە بوو:
1- هەولێر 18 خاڵ لە 10 یاری
2- كەركووك 15 خاڵ لە 11 یاری
3- شێروانە 14 خاڵ لە 11 یاری
4-ئارارات 13 خاڵ لە 10 یاری
5- زاخۆ 13 خاڵ لە 10 یاری
6- زێرەڤانی 10 خاڵ لە 10 یاری
7- هەندرێن 9 خاڵ لە 10 یاری
یارییەكانی هەفتەی داهاتوو بەمشێوەیە:
هەولێر - ئارارات یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری
زێرەڤانی - كەركووك یاریگەی زێرەڤانی
هەندرێن - زاخۆ یاریگەی هەندرێن
یارییەكانیش رۆژی دووشەممە (14/3/2016) كاتژمێر 3ی ئێوارە ئەنجام دەدرێت.
رێبین رەمزی
