هەندرێن هەوڵی سەركەوتن بۆ چوار گۆشەی زێرینی خولی نایابی فاست لینكی كوردستان دەدات
لە كۆنگرەی رۆژنامەنووسی یانەی هەندرێن هەریەكە لە راهێنەر دلشاد مەعروف و كۆسرەت بایزی یاریزان ئامادەی بوون.
لەم كۆنگرەیەدا دلشاد مەعروف باسی لە كێشەكانی هێڵەكانی تیپەكەی كرد و گوتی: لە یارییەكان كێشەیەكی زۆری هێڵی ناوەراست و هێرشبەرمان هەیە و هەروەها تا رادەیەك لە هێڵی بەرگری كێشەمان هەیە، بەڵام لەگەڵ هاتنی یاریزانەكانی یانەی هەولێر دەتوانین تا رادەیەك هەندێك لە كێشەكان چارەسەر بكەین، چونكە یاریزانان كۆسرەت بایز و محەمەد خالید جفال خاوەن ئەزموونێكی زۆری لە هێڵی ناوەراست و دەتوانن لە هەر كاتێك بێت تەرازووی یارییەكە بگۆرن.
لە درێژەی قسەكانیدا دلشاد مەعروف گوتی: بۆ یارییەكەی بەرانبەر زێرەڤانی بە باشی خۆمان ئامادەكردووە، یاریزانان لە رووی دەروونیە و جەستی ئامادەن.
سەبارەت بە یاریزانە نوێیەكان دلشاد مەعروف گوتی: یاریزانەكانی یانەی هەولێر ناویان لە لیستی یاریزانەكان هەیە و دەتوانن بەشداری یارییەكە بكەن، بەڵام بۆ یارییەكەی سبەی لە هێڵی ناوەراست پشت بە هەردوو یاریزان محەمەد خالید جەفال و كۆسرەت بایز دەبستم و لە هێڵی بەرگری دواوە پشت بە یاریزان رێكار هاشم دەبەستم.
لە كۆتاییدا قسەكانیدا دلشاد مەعروف گوتی: یارییەكەمان بەرانبەر زێرەڤانی گرنگ و چارەنووسازە بۆ هەردوو یانە، بۆیە سەركەوتن لەم یارییە هیوای مانەوە زیاتر دەبێت و هەروەها هیوای گەیشتنمان بۆ قۆناغی چوار گۆشەی زێرین زیاتر دەبێت.
دواتر یاریزانی تازەی یانەی هەندرێن كۆسرەت بایز گوتی: حەزم كرد لەم چەند یارییە ماوە خزمەتی یانەی هەندرێن بكەم، كە لەم یانەیە ئاستم بەرزبووە بۆ ئەوەی تیپەكە لە وەرزی داهاتوو هەر لە خولی نایابی كوردستان یاری بكات، بۆیە سەركەوتن لەم یارییە واتە نزیكبوونەوە لە چوار گۆشەی زێرین، ئێمە بە هیچ شێوەیەك رێگە بە زێرەڤانی نادەین لە رێگەی ئێمە هیوای سەركەوتن بۆ قۆناغی داهاتووی زیاتر بێت، چونكە یانەی هەندرێن چوار یاری ماوە سەركەوتن لەم چوار یارییە واتە دروستبوونی چانسێكی تر بۆ یانەی هەندرێن.
لە كۆتایی قسەكانیدا كۆسرەت بایز گوتی: هەموو یاریزانەكان دەزانن ئەم یارییە چارەنووسازە، بۆیە هەموو شتێك دەكەین تاوەكو بتوانن سەركەوتن تۆمار بكەین.
جێگەی باسە رۆژی پێنجشەممە لە یاریگەی یانەی هەندرێن كاتژمێر 3ی ئێوارە هەردوو یانەی هەندرێن و زێرەڤانی رووبەرووی یەكتر دەبنەوە لە چوارچێوەی یارییەكانی كۆمەڵەی یەكەمی خولی نایابی فاست لینكی كوردستان بۆ تۆپی پێی.
رێبین رەمزی
