یانەی ئەكاد یاری بادمنتۆن هەڵدەستێنێتەوە
نزار نەبیل یەكێك لە یاریزانانی قوتابخانەی یاری بادمنتۆنە لە بارەی پێوەندیكردنی بە قوتابخانەی یانەكەی بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئەم یارییە تا رادەیەك لە كوردستان گرنگی زۆری پێ نەدراوە، بەڵام ئێمە پێوەندیمان بە تیپی یانەی ئەكاد كردووە كە رۆژانە مەشقی باشمان پێ دەدەن، بە ئامانجی ئەوەی ئێمە بكەنە یاریزانی باش و توانای باشمان هەبێت لەم یارییە، هەرچەندە ئێمە مەشق دەكەین، بەڵام راهێنەرەكەمان بە خۆبەخش مەشقەكانمان پێ دەدات و سوودی زۆریشمان لێی بینیوە،بە هیوای ئەوەین كردنەوەی ئەم قوتابخانانە بەردەوام بێت، چونكە سوودێكی زۆری دەبێت بۆ وەرزشكارانی شارەكەمان»، گوتیشی: «بەهیوای ئەوەم گەنجان زیاتر روو لەم یارییە بكەن، چونكە یارییەكی خۆشە و دەتوانن لەماوەیەكی كورت ببنە یاریزانی بەتوانا.»
یوسف موفیدی تەمەن دە ساڵ یەكێك لە یاریزانانی قوتابخانەی ئەكادە و ئەویش لە بارەی كردنەوەی ئەم قوتابخانەیە بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «كردنەوەی هەر قوتابخانەیەكی وەرزشی بۆ یاریزانان سووددێكی زۆری دەبێت، ئەم یارییەی ئێمەش كە یارییەكی تا رادەیەك تازەیە، بەڵام ئێمە خولیایەكی زۆرمان هەیە و دەستەی راهێنەرانیش بە خۆبەخش فێری زانیارییەكانی ئەم یارییەمان دەكەن، رۆژانە یانەی ئەكادیش هۆڵی خۆیان بۆ ئێمە دابین كردووە ئێمەش سوپاسیان دەكەین بە هیوای ئەوەین یانەكانی تری كوردستان گرنگی بە كردنەوەی قوتابخانەی وەرزشی جۆراوجۆر بدەن لە پارێزگا و قەزا و ناحیەكان»، گوتیشی: «ئومێدی زۆرمان هەیە كە لە رێگەی ئەم قوتابخانەیە یاریزانی بەتوانا بەرهەم دێت، ئەوەش بۆ ئێمە جێگای شانازییە كە چەندین یاریزانی وەكو ئێمە درووست دەبێت سوود لە توانامان دەبینن، هەر چەندە ئەم یارییە گرنگییەكی وەكو پێویستی نییە، بەڵام یانەكەی ئێمە گرنگی بە سەرجەم یارییە جۆراوجۆرەكان دەدات.»
دانا عەنكاوەیی یەكێكە لە یاریزانەكانی هەمان قوتابخانە و سەبارەت بە یارییەكەیان گوتی: «من وەكو یاریزانێكی ئەم یارییە ماوەیەكی زۆرە لە ریزی یانەی ئەكادم، سوودێكی زۆریشم لە یانەكم بینیوە و هۆڵی وەرزشی و كارەبا و سەرجەم پێداویستییەكانیان دابین كردووە، بۆیە ئێمەش كە بەشدارین لە مەشقەكانی یانەكەمان سوودی زۆرمان بینیوە لە گشت روویەك لە لایەنی هونەری و شارەزابوونی زیاترمان لە یاساكان، راهێنەرەكەشمان كەسێكی بەتوانایە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق سوودی زۆرمان لێ بینیوە، بە هیوای ئەوەشین یانەكانی تری كوردستان و عێراق چاو لە یانەی ئەكاد بكەن بۆ كردنەوەی قوتابخانەی جۆراوجۆر، چونكە بە كردنەوەی ئەم قوتابخانانە یارییەكانی وەرزشی جۆاروجۆر زیاتر پەرە دەستینێت، سوپاسی كارگێڕانی یانەی ئەكادیش دەكەین كە ئەوان هەمیشە پاڵپشتی تیپە جۆراوجۆرەكانی یانەكە بوون.»
ڤان شەوقی راهێنەری خۆبەخشی بادمنتۆنی قوتابخانەكە بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «كردنەوەی هەر قوتابخانەیەك سوود و گرنگیی تایبەتی خۆی دەبێت، منیش وەكو یاریزان و راهێنەر كە ئەم ئەركەم لە ئەستۆ گرتووە، ئامانجم گرنگیدانە بە یارییەكە و پێشخستنیەتی بۆ ئەوەی بتوانین بۆ داهاتووی یانەكەمان چەندین یاریزانی بەتوانا درووست بكەین.»
