هەر چەندە ئەم وەرزە یانەی دەربەندیخان بە كۆمەڵێك گرفتی داراییەوە بەشداری لە یارییەكانی خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستانی كردووە، بە هیوای ئەوەیە بتوانێ ئەنجامی شایستە لە یارییەكانی ئەمساڵ بەدەست بهێنێت كە جیاواز لە ساڵان خولەكە بە شێوازی گروپ یارییەكانی بەڕێوەدەچێت، یانەی دەربەندیخانیش كە ماوەی چەند وەرزێكە هەوڵی جددی دەدات بۆ ئەوەی بتوانێ پلێتی خولی نایابی كوردستان بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەمساڵ جیاوازە و یانەكە تەنیا هەوڵی مانەوە دەدات لە خولی پلە یەكی كوردستان، لەم بارەشەوە سەردار مەجید راهێنەری تۆپی پێی یانەی وەرزشیی دربەندیخان بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئەمساڵ بەشداریكردنمان لە خولی پلە یەكی كوردستان تەنیا بۆ مانەوەیە لە خولەكە، بەڵام كاریش لەسەر ئەوە دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین ئەنجامی باش بەدەست بهێنین بە پشتیوانی خوای گەورە، ئەمساڵ ئێمە ژمارەی یاریزانانمان تەواو نییە، چونكە سەرجەم یاریزانانی ئێمە 15 یاریزانە لە هەندێك هێڵەكانی یاریكردن یاریزانمان كەمە بۆ یاریكردن، بگرە هەر نیمانە، لەبەر بارودۆخی ئابووری تیپەكەمان ناتوانین یاریزانان بهێنین، لە هەندێك هێڵەكانی یاریكردنیش بگرە یاریزانی یەدەگمان نییە، تەنیا بەم یاریزانانە بەشداری دەكەین و متمانەشمان بە خۆمان هەیە كە بتوانین شتێك بە شتێك بكەین لە خولەكە»، لە بارەی گرفتەكانی یانەكەش سەردار زیاتر گوتی: «ئێمە هیچ گرێبەستێكمان نییە لە یانەكە تەنیا بە مووچەیەكی250هەزار دیناری یاری دەكەن، گرفتی داراییمان یەكجارە زۆرە و كارگێڕانی یانەكە دەڵێن ئەگەر بتوانین مووچەی سێ مانگ دابین بكەین، زۆر باش دەبێت،» لە بارەی خولەكەش گوتی: «خولی پلە یەكی كوردستان ئەمساڵ جیاوازە لە ساڵانی تر، چونكە ئەمساڵ دەبێت زۆر بە وردییەوە سەیری ئەنجامی یارییەكان بكەین، بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین خاڵ بەدەست بهێنین، ئێمەش هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەین، بۆ ئەوەی باشترین ئەنجام بەدەست بهێنین.